مان سیتی بەردەوامە لە بایکۆتکردنی لۆگۆی ئێف ئەی کەپ

06-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن ئێف ئەی کەپ مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بە هۆکارێکی سەیر رەتی دەکاتەوە لۆگۆی ئێف ئەی کەپ لەسەر درێسەکەی دابنێت.
 
سبەینێ یەکشەمە، رۆژی 6ـی مانگی 1، لە جامی ئێف ئەی کەپ، یانەی مانچێستەر سیتی میوانداری یانەی هەدێرسفیڵد دەکات و دەیەوێت دەست بە کاروانی بەرگریکردن لە نازناوەکە بکات.
 
جامی ئێف ئەی کەپ لە ساڵی 2015ـەوە لەلایەن کۆمپانیای ئیمارات سپۆنسەر دەکرێت کە کۆمپانیایەکی تایبەت بە کاری فڕۆکەوانییە و بارەگای سەرەکی لە شاری دوبەیە، ئەو یانانەی بەشداری لەم جامەدا دەکەن لۆگۆی کۆمپانیای ئیمارات و جامی ئێف ئەی کەپ لەسەر قۆڵی درێسەکانیان دادەنێن. 
 
کۆمپانیای ئیتیحاد کە سپۆنسەری سەرەکی یانەی مانچێستەر سیتییە، بەهەمان شێوە کاری فڕۆکەوانی دەکات و بە رکابەری سەرەکی کۆمپانیای ئیمارات دادەنرێت، بۆیە یانە ئینگلیزییەکە لە ساڵی 2015ـەوە رەتی کردووەتەوە لۆگۆی ئێف ئەی کەپ کە لە خوارەوەیدا ناوی ئیمارات نووسراوە بپۆشێت و بایکۆتی کردووە. 
 
سەرەڕای ئەمەش، لە یاریی کۆتایی جامەکە لە ساڵی 2019، یانەی مانچێستەر سیتی رووبەڕووی واتفۆرد بووەوە و یارییەکەی بە ئەنجامی 6-0 لێبردەوە، لەو یارییەدا یانەکەی شاری مانچێستەر نووسراوی سەر درێسەکەیان لە "هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد"ـەوە گۆڕی بۆ "ئیتیحاد هەڵبژێرە" وەک پشتگیرییەک بۆ سپۆنسەری سەرەکی یانەکە بەرامبەر کۆمپانیای ئیمارات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە