ئەمڕۆ هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی کۆریای باشوور دەبێتەوە

06-01-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خیسۆس کاساس هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

پاش چەند رۆژێک لە ئامادەسازیی و مەشقکردن، هەڵبژاردەی عێراق هەنگاوە کردەنییەکانی بۆ بەشداریکردن و دەرکەوتن لە جامی ئاسیای 2023 بەئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دەستپێدەکات.
 
لە پێنج رۆژی رابردوودا، خیسۆس کاساسی راهێنەری ئیسپانی، سەرپەرشتی مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی کرد لە ئەبوزەبی، پاشئەوەی کاساس لیستی کۆتایی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی کە 26 یاریزانن، بۆ پاڵەوانێتییەکە لە چەند رۆژی رابردوودا راگەیاند.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی چوارەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ڤێتنام، ئیندۆنیسیا و ژاپۆن رکابەریی لەسەر گەیشتنە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە دەکات و یەکەم یاریی لە پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا دەبێت.
 
بەرپرسانی هەڵبژاردەکە پێیانوایە یارییە دۆستانەکەی ئەمڕۆی کۆریای باشوور، تاقیکردنەوە و ئامادەسازییەکی باشی هەڵبژاردەکە دەبێت، بەرلەوەی لە یاریی دووەمیدا لە پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر ژاپۆن یاریی بکات، چونکە هەردوو هەڵبژاردە بەربژێری سەرەکیی بردنەوەی نازناوەکەن و ستایلی یارییکردنیشیان لە یەکەوە نزیکە.
 
کاساسی راهێنەر، کە ساڵی رابردوو بەبردنەوەی نازناوی جامی کەنداوی 25 گوڕوتین و جۆشوخرۆشی زۆری لەچواردەوری هەڵبژاردەکە کۆکردەوە، گەشبینییەکی گەورەی لای هاندەرانی هەڵبژاردەکە دروستکردووە بەوەی تیپێکی رکابەر لەسەر نازناوەکە لە جامە ئاسیاییەکەدا پێشان بدات.
 
لیستی بانگهێشتکراوی عێراق بۆ جامی ئاسیای قەتەر، ژمارەیەک یاریزانی پیشەگەری عێراقی لە دەرەوەی خولی عێراق لە خۆدەگرێت و ئەوەش مایەی گەشبینییە بۆ هاندەرانی هەڵبژاردەکە، کە پێیانوایە ئەزموونی ئەو یاریزانە پیشەگەرانە، سوودی زۆر بە ئاستی هەڵبژاردەکە دەگەیێنێت.
 
لیستی هەڵبژاردەکە، هەروەها شەش یاریزانی کورد لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە ئاکام هاشم، ئالان محێدین، مێرخاس دۆسکی، ئوسامە رەشید، یوسف ئەمین و ئەحمەد عەلی. 
 
هەڵبژاردەی عێراقی بەشدار لە جامی ئاسیای 2023، بەیەکێک لە لاوترین پێکهاتەکانی نێو کۆی ئەو 24 هەڵبژاردەیە دادەنرێت کە بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن و کۆی تەمەنی یاریزانانی عێراق 24 ساڵە.. کاساس ئەگەرچی دووپات لەوە دەکاتەوە کە ئەو بۆ رکابەریی لەسەر نازناوەکە ناچێتە پاڵەوانێتییەکە، بەڵام مێژووی کەمی کارکردنی ئەو راهێنەرە لەگەڵ هەڵبژاردەکەدا، ئومێدی ئەوەی زیندووکردووەتەوە، بەوەی عێراق دەستکەوتی مێژوویی خۆی لە 2007دا دووبارە بکاتەوە، کاتێک بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ئەو نازناوەی بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە