چابی ئەلۆنسۆ یاریی ژمارە 100 لەگەڵ لیڤەرکوزن ئەنجامدەدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ بایرلیڤەرکوزن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، خۆی بۆ ئەنجامدانی یاریی ژمارە 100 لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، لەگەڵ یانەی بایرلیڤەرکوزن ئامادە دەکات.


لیڤەرکوزن ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕی شەشەمی بۆندێسلیگا میوانداریی هۆلشتاین کیل دەکات، یارییەکە بۆ راهێنەرە ئیسپانییەکە تایبەتە.

ماڵپەری فەرمیی بۆندێسلیگا، رووبەرێکی تایبەتی خۆی بۆ تیشک خستنە سەر کارەکانی ئەلۆنسۆ لە لیڤەرکوزن تەرخانکردووە، تیشکی خستووەتە سەر دەستکەوت، ژمارە و داتاکانی ئەلۆنسۆ لەگەڵ لیڤەرکوزن، پاشئەوەی لە وەرزی رابردوودا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوی بۆندێسلیگای بردەوە.

لیڤەرکوزنی چابی ئەلۆنسۆ، یەکەمین یانەیە لە مێژووی بۆندێسلیگادا، بەبێ دۆڕاندنی هیچ یارییەک نازناوی خولەکە دەباتەوە. لیڤەرکوزن لە کۆی 34 گەڕی وەرزی رابردووی خولەکە، لە 30 گەڕدا پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی گرت.

ئەلۆنسۆ دووەم راهێنەری ئیسپانییە، پێشەوایەتی یانەیەکی بۆندێسلیگا دەکات بۆ بردنەوەی نازناوی خولەکە، پاش پێپ گواردیۆلا لەگەڵ بایرن میونشن. ئەلۆنسۆ، وەک راهێنەر خاوەنی بەرزترین تۆماری بەدەستهێنانی خاڵە لە مێژووی لیڤەرکوزندا بەڕێژەی 2.2 خاڵ لە یارییەکدا. ئەو هەروەها بەرزترین رێژەی تۆمارکردنی گۆڵی هەیە لە مێژووی یانەکەدا و بۆ هەر یارییەک 2.3 گۆڵی تۆمارکردووە.

لیڤەرکوزن، لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد کە بریتیبوو لە بەدەستهێنانی حەوت سەرکەوتن بەسەریەکەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، ئەوەش وەرزی رابردوو تۆمارکرا.

ئەلۆنسۆ نۆیەم کەسە لە مێژوودا وەک یاریزان و وەک راهێنەر، نازناوی بۆندێسلیگا بباتەوە، پاش هەریەکە لە هانزی فلیک، نیکۆ کۆڤاچ، تۆماس شاف، ماتیاس سامەر، فرانز پیکنپاوەر، فیلێکس ماگات، یۆب هاینکس و هیلمۆت بینساوس.

لیڤەرکوزن ژمارەیەکی پێوانەیی دیکەی لە وەرزی رابردوو لەگەڵ ئەلۆنسۆدا هەبوو، کاتێک لەژێر سەرپەرشتی ئەلۆنسۆدا لە نێوان گەڕەکانی 20 تاوەکو 29ی بۆندێسلیگا، دە بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکرد.

کاتێک ئەلۆنسۆ بووە راهێنەری بایرلیڤەرکوزن، لە مانگی دەی ساڵی 2022، تیپەکە لە پلەی حەڤدەی ریزبەندی بۆندێسلیگا بوو، لە کۆتایی وەرزدا، لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکە بوو.

لیڤەرکوزن لە دوایین 20 یاریدا کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بۆندێسلیگا ئەنجامیداوە، هیچیانی نەدۆڕاندووە و ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە، هەروەها لە دوایین بیست یاریدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، لانیکەم گۆڵێکی تۆمارکردووە و ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە.

لیڤەرکوزن لە وەرزی 2023 - 2024 کۆی 24 گۆڵی تۆمارکردووە لە بۆندێسلیگا و ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە بۆ یانەکە. لە کاتێکدا یانەکە بەدرێژایی 35 یاریی بەسەریەکەوە لە خولەکەدا، لە گەڕی یەکەمی وەرزی پێشووەوە تاوەکو گەڕی یەکەمی وەرزی ئەمساڵ، هیچ یارییەکی نەدۆڕاند و ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە.

لیڤەرکوزن وەرزی رابردوو، خاوەنی ژمارەیەکی پێوانەیی بوو بەبردنەوەی 14 یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، هەروەها 45 خاڵی کۆکردەوە.

رێژەی سەرکەوتنەکانی ئەلۆنسۆ 68 لەسەدە، لە خولی ئەڵمانیادا تەنیا پێپ گواردیۆلا بە 80٪ و هانزی فلیک بە 78٪ و کارلۆ ئەنچیلۆتی بە 73٥ لەو زیاترن، لە کاتێکدا هەرسێ راهێنەرەکە، لە بایرن میونشن بوون، لە کاتێکدا ئەلۆنسۆ لە تیپێک بووە، لە هەموو روویەکەوە زۆر لە دوای بایرن میونشنەوەیە.

بایرلیڤەرکوزن لە رێگەی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگای وەرزی رابردوودا، 89 گۆڵی تۆمارکردووە کە ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووی یانەکەیە، هەروەها 90 خاڵی کۆکردووەتەوە لە وەرزێکدا، کە بەرزترینە لە مێژووی بەشدارییەکانی یانەکە لە خولەکەدا.

لەو 99 یارییەی ئەلۆنسۆ وەک راهێنەری لیڤەرکوزن ئەنجامیداوە، 66 بردنەوە، 21 یەکسانبوون و 12 شکستی هەبووە. کۆی 145 خاڵی کۆکردووەتەوە لە 65 یاریدا، هەروەها 230 گۆڵی تۆمارکردووە و 100 گۆڵی لێکراوە.

چابی ئەلۆنسۆی 41 ساڵ، پێش بایرلیڤەرکوزن، تەنیا یەک ئەزموونی راهێنەرایەتی هەبووە لەگەڵ تیپی دووەمی ریال سۆسیێدادی ئیسپانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە