کیلینی: رۆناڵدۆ دەیویست بۆ جیهانی بسەلمێنێت ئەو لە ریال مەدرید گەورەترە

05-05-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ جۆرجیۆ کیلینی یانەی یوڤێنتوس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆرجیۆ کیلینی، بەرگریکەری پێشووی یانەی یوڤێنتوس و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، دەڵێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیویست بۆ جیهانی بسەلمێنێت، ئەو لە ریال مەدرید گەورەترە. پاشئەوەی ئەو یانەیە دەستیان لە خزمەتەکانی ئەو بەردا.
 
رۆناڵدۆ لە دوای ریال مەدریدەوە لە ساڵی 2018 چووە یوڤێنتوس و لەگەڵ ئەو یانەیەدا 134 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان ئەنجامدا.
 
تێچووی گواستنەوەی رۆناڵدۆ 112 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەی یوڤێنتوس کەوت.
 
کیلینی کە ئەوکات بەرگریکەری سەرەکی یوڤێنتوس بوو، دەڵێ، "هەلی ئەوەم بۆ رەخسا لەگەڵ رۆناڵدۆ یاریی بکەم، ئەو یاریزانێکی گەورەبوو و لەگەڵ گرووپەکەدا بەباشی دەگونجا".
 
جۆرجیۆ لە پەسندانی تواناکانی رۆناڵدۆدا دەڵێت، "ئەو یاریزانێکی گەورە بوو، وەک ئەوانیدیکە نەبوو، هەرگیز دەستخەڕۆی نەدەکردیت کاتێک پێویستت پێی دەبوو، ئەو یاریزانێکی بەڕێز بوو، خوگرتووبوو بە چاودێریکردنی لەشولاری خۆی و ئامادەکارییەکانییەوە، ئەو هەمیشە دەیویست گۆڵ تۆمار بکات و بباتەوە".
 
کیلینی هەروەها دەڵێ، "کەسایەتی رۆناڵدۆ لە یارییە گەورەکاندا شۆکیکردم. ئەو ویستێکی سەرشێتانەی بۆ تێکشکاندنی هەمووان هەبوو، دەیویست بۆ جیهانی بسەلمێنێت کە ئەو بەتەنیا لە ریال مەدرید بەهێزترە".
 
بەرگریکەرەکەی پێشووی ئیتاڵیا زیاتر دەڵێ، "بەخت یاوەرمان نەبوو لە وەرزی 2018 - 2019 بەهۆی پێکانەوە، ئەوکات سامی خدێرا، مانزۆکیچ، پاولۆ دیبالا و دۆگلاس کۆستا دووچاری پێکانبوون، بەرامبەر ئەیاکس دۆڕاین، ئەگەرنا پێموایە و دڵنیابووم لەوەی کە دەگەینە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و رۆناڵدۆ پێشەوایەتیمان دەکات بۆ بردنەوە".
 
کیلینی لەبارەی ساڵەکانی دواتری رۆناڵدۆوە دەڵێ، پاشان ئاستی رۆناڵدۆ کەمێک دابەزی، لەگەڵ بەتەمەنچووندا توانای بەتەنیا پێشەوایەتیکردنی تیپەکەی نەمابوو، بەڵام ئەو هەروەک کرێمی سەر کێکەکە بوو".
 
رۆناڵدۆ لە ماوەی یارییکردنی لە یوڤێنتوس، 1010 گۆڵی تۆمارکرد و 22 ئەسیستی هەبوو.
 
هەروەها دووجار نازناوی خولی ئیتاڵیا، یەکجار نازناوی جامی ئیتاڵیا و دووجاریش نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیای بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە