چارەنووسی ئێمباپێ باڵی بەسەر یارییەکەی ئەمشەوی پاریسدا کێشاوە

05-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی پاریس سانجێرمان ریال سۆسیێداد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یارییکردن لە یاریگەی خۆیدا و قۆستنەوەی ئەو قۆناخی نادڵنیایی و دڕدۆنگییەی پاریس سانجێرمان، بەهۆی دۆسێی چارەنووسی کیلیان ئێمباپێوە پێیدا تێدەپەڕێت، باشترین خاڵی هێزدەبێت، بۆ ئەوەی ریال سۆسیێداد لە بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت و بپەڕێتەوە بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
 
ریال سۆسیێدادی ئیسپانی، کە نزیکەی بیست ساڵە سەرکەوتن بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی بەخۆوە نەبینیوە، لە یاریی چووندا بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاوە، یارییەکەی ئەمشەو هەلی دەرکەوتنی باشتر بەتیپەکە دەدات، چونکە لە دوای قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگەوە، یەکەمجارە زۆرینەی زۆری یاریزانە سەرەکییەکانی تیپەکە ئامادە دەبن بۆ یارییکردن و ئەوەش پاڵنەرێکی باش دەبێت، تاوەکو تیپەکە هەوڵبدات زوو پاریسییەکان دووچاری شۆک بکات.
 
تاکیفوسا کوبۆی یاریزانی یانەی ریال سۆسیێداد، لەبارەی یارییەکەوە هیواخوازە لە کۆتاییدا ئەوان پێبکەنن. ئەو دەڵێ "دەمانەوێت ریال سۆسیێداد باشترین ئاستی خۆی پێشان بدات، تاوەکو توانای رکابەریکردن لەگەڵ یەکێک لە باشترین تیپەکانی ئەوروپای هەبێت. ئەم یارییە سەرنجی زۆری میدیاکانی لەسەرە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە تەنیا یارییەکی ئاسایی نییە، هیوادارین لە کۆتاییدا ئێمە بەزەردەخەنەوە لە یاریگە بچینە دەرەوە".
 
سانجێرمان کە جارێکی دیکە لەگەڵ باسوخواسی تێپەڕاندنی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگدا تیهەڵچووەتەوە و ئەمجارەیان تای تەرازووەکە بەلای ئەودا زاڵە، پاشئەوەی لە یاریی چووندا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پێویستی بەپاراستنی ئارامیی خۆی و بەرگەگرتنی ئەو گوشارە زۆرە هەیە کە پێشبینیکراوە ریال سۆسیێداد لەسەر گۆڵەکەی دروستی بکات.
 
سانجێرمان، لە وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگدا، بەڕاهێنەرێکی نوێ و بیرکردنەوەیەکی نوێوە دەستی بەگەڕان بەدوای بەدیهێنانی خەونەکەی خۆیدا کردووەتەوە کە خەونی گەیشتنە بەنازناوەکە و سەرکەوتنی یانەکە لە کۆمەڵەی هەرە قورسی پاڵەوانێتییەکەوە، ئومێدی ئەوەی داوەتە هاندەرانی یانەکە، ئەمساڵی تیپەکە لە چامپیۆنزلیگدا، لە چەند ساڵی نزیکی رابردوو باشتر بێت، ئەگەرچی پاریس دەباتەوە، بەڵام یارییەکی چێژبەخش پێشکێش ناکات.
 
سانجێرمان هەرچۆنێک روو لە یارییەکە بکات و هەوڵی هەرچییەک بدات، ناچارە لە کۆتاییدا خۆی بەدەست ئەو دەنگۆ و هەواڵانەوە بدات کە باس لە چارەنووسی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یەکەمی یانەکە دەکەن، پاشئەوەی سات لە دوای سات، کۆتاییهاتنی بەردەوامبوونی ئەو لە سانجێرمان، نزیک و نزیکتر دەبێتەوە.
 
برادلی بارکۆلای یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان، بەجۆرێک لە نیگەرانییەوە وەڵامی پرسیارەکان لەبارەی ئێمباپێ دەداتەوە. ئەو دەڵێ "ئێمە هاتووینەتە ئێرە بۆ بردنەوەی یارییەکە. وا یاریدەکەین کە ئەنجامەکە سفر بە سفرە، تەنیا دەمانەوێت ببەینەوە و ئەوە هەموو ویستی ئێمەیە. راستگۆبم لەگەڵتاندا نازانم لەبارەی ئێمباپێوە چی روودەدات، من تەنیا فۆکەسم لەسەر یارییەکانە و تەنیا بۆ باسکردنی یارییەکەش هاتوومەتە ئێرە".

ئەگەرچی هەمووان هەوڵی لابردنی سەرنجەکان لەسەر ئێمباپێ و وردبوونەوە لە تەواوی یارییەکە دەدەن، بەڵام لە کۆتاییدا یارییەکە بۆ ئیسپانییەکان پرۆڤەیەک دەبێت بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی ئێمباپێ لەسەر یاریگەیەکی ئیسپانیا، کە دەکرێ ساڵی داهاتوو بەدرێسی ریال مەدریدەوە، تێیدا دەربکەوێت.

راهێنەری سۆسیێداد چی گوتووە؟
 
لەبارەی یارییەکەوە، 
ئیمانوێل گواسێل راهێنەری یانەی ریال سۆسیێداد دەڵێ، "یارییەکی گەورەمان هەیە و نازانین جارێکی دیکە لەسەر هەمان یاریگەی خۆمان ئەنجامیدەدەینەوە یان نا. دەزانین کە یارییەکی قورسە، چونکە بەرامبەر پاریس سانجێرمانە. ئەگەرچی ئێمە رووبەڕووی رکابەرێکی پاڵێوراو بۆ گەیشتن بەیاریی کۆتایی دەبینەوە، بەڵام تەنیا بیر لە بردنەوەی یارییەکە و گەیشتن بەقۆناخی داهاتوو دەکەینەوە.
 
راهێنەری ریال سۆسیێداد، ناچارە خۆی بۆ هەردوو سیناریۆی یارییکردنی کیلیان ئێمباپێ بەشێوەی سەرەکی، یان یەدەگ ئامادە بکات، ئەو دەڵێ، "نازانم ئێمباپێ یارییدەکات یان نا، ئەو پڕ وزەیە و خاوەن کوالیتییە، ئەگەر لەسەرەتای یارییەکەوە بەشداریش نەکات، دەزانین کە یاریزانێکی دیکەی بەهرەمەند لە شوێنی یارییدەکات، چونکە سانجێرمان ژمارەیەکی زۆری یاریزانی گەورەی هەیە. ئێمباپێ یاریزانێکی ناوازەیە، بەڵام ئەگەر یاریی نەکات، یاریزانێکی دیکە گەورە لە شوێنی دەبێت و ئەم تیپە راهێنەرێکی مەزنیان هەیە کە من زۆر پێی سەرسامم و باش دەیناسم".
 
ئینریکێ نایەوێت باسی ئێمباپێ بکات
 
لویس ئینریکێ، راهێنەری پاریس سانجێرمان، خۆی بۆ پرسیاری زۆری رۆژنامەڤانان لەبارەی چارەنووسی ئێمباپێوە ئامادەکردبوو.. ئەو لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، هەرزوو گوتی، ئێوە هەرپرسیارێک دەکەن بیکەن، بەڵام من تەنیا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەمەوە کە خۆم دەمەوێت.
 
راهێنەری سانجێرمان، هەڵوەستەی لەسەر یارییەکە کردووە و دەڵێ، "پێموایە ئەمە ساتێکی ئاوارتەیە لە وەرزی ئەمساڵدا، ئەگەر ئەوە بهێنینە بەرچاوی خۆمان کە ئەنجامەکانمان چۆنن و چەندە دڵخۆشین و ویستی یاریزانەکانمان چین. دەتوانم پشت بە بیست و سێ یاریزانی ئامادە ببەستم، کە هەموویان بەوپەڕی تواناوە بۆ یارییەکەی ئەمجارەمان ئامادەن".
 
لویس ئینریکێ، زیاتر دەڵێ، "ئەوەی پێشبینیدەکەم لە یاریزانەکان، ئەوەیە کە ئامادەبن بۆ ئەم یارییە گرنگە و توانای رووبەڕووبونەوەی یارییەکەیان هەبێت، هاوشێوەی ئەوەی بەدرێژایی وەرزی ئەمساڵ ئەنجاممانداوە. متمانەی زۆرم بە تیپەکەم هەیە، پێموایە ئامانجەکەمان روونە کە بریتییە لە سەرکەوتن بەسەر ریال سۆسیێداد، سەرکەوتن بەسەر ئەو یانەیەدا لە نێو یاریگەی خۆی، کارێکی ئاسان نییە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە