رووداو دیجیتاڵ
ماوەیەکی زۆرە ناوی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید بە خولی سعودیە بەستراوەتەوە، میدیای ئیسپانیاش دەڵێت "فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت کارێک بکات، پێشتر نەکرابێت."
لە هاوینی رابردوودا، قسە و باسی زۆر لەبارەی چوونی ڤینی بۆ سعودیە دەکرا و سندووقی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە هەوڵیدەدا یاریزانەکە بباتە یەکێک لە یانەکانی هیلال، ئیتیحاد، نەسڕ یان ئەهلی، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان جارێکی دیکە ناوی یاریزانەکە بەو خولە دەبەسترێتەوە و ئەمجارە باس لەوە دەکرێت، یانەی ئەهلی بە رژدی کار بۆ گواستنەوەی دەکات.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ئەهلی، داوای ڤینیسیۆس دەکات، بەڵام ریال مەدرید ئامادەنییە بە کەمتر لە 1 ملیار یۆرۆ دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، کاتێکیش ئەو پارەیە ئامادەکرا یانەی ریال مەدرید ئامادەدەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یانە سعودییەکە.
لەبارەی ئەوەی ریال مەدرید رازی دەبێت بە دەستبەرداربوون لە ڤینیسیۆس جونیۆر، رامۆن مۆلینا، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێت "فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لاریی نییە لە دەستبەرداربوون لە ڤینیسیۆس، چونکە دەیەوێت گەورەترین پرۆسەی فرۆشتنی یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا ئەنجامبدات."
تاوەکو ئێستا لە مێژووی تۆپی پێدا گەورەترین یاریزان فرۆشتنی پێکرابێت، نەیمار داسیلڤایە، کە بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بارسێلۆناوە لە ساڵی 2017 چووە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ یانەی شاهانە لە 2027 کۆتاییدێت، نرخی یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەدا ئێستا 200 ملیۆن یۆرۆیە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی 1 ملیار یۆرۆیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ