ئەمشەو لە چامپیۆنزلیگدا کۆمەڵەی ئاگرین گڕ دەگرێت

04-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
بۆرووسیا دۆرتموند - میلان 22:00
بۆرووسیا دۆرتموند - میلان 22:00
نیشانەکردن میلان بۆرووسیا دۆرتموند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سیگناڵ ئیدۆنا پارک و کەشە تایبەتەکەی ئەو یاریگەیە کە سەرشێتایەتی لێدەڕژێت، گۆڕەپانی بەرکەوتنی بۆرووسیا دۆرتمۆند و میلانی ئیتاڵی دەبێت و هاندەرانی یانەی خاوەن یاریگە ناتوانن بەئاسانی ئەوە هەرس بکەن کە تیپەکەیان دووەم یاریی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا دەدۆڕێنێت، پاشئەوەی لە گەڕی یەکەمدا لە فەرەنسا بە سانجێرمان دۆڕان.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند بەورەیەکی باشەوە روو لە یارییەکەی ئەمشەو دەکات، پاشئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ سێیەمجاری لەسەریەک یارییەکانی خۆی لە بۆندێسلیگادا بردەوە و ئەمجارە شکستی بە هۆفێنهایم هێنا، بەڵام میوانەکەشی بەهەمان هەستەوە دێتە بەرامبەری و هەردوو یانەش پێویستیی زۆریان بەیەکەم بردنەوە لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا هەیە.
 
ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی فاینۆرد رۆتێردامی هۆڵەندی دەکات و چاوی لە تێکدانی هاوکێشەکانی ئێستای کۆمەڵەکەیە کە پێشەنگەکەی بەدەست یانە هۆڵەندییەکەوەیە، بەڵام ئەوەی بەختی دیێگۆ سیمیۆنی و یاریزانەکانی دەخاتە بەردەم هەڕەشەی نەگەیشتن بە ئەنجامێکی باش لە یارییەکەدا، پێکرانی 7 یاریزانی تیپەکەیە پێش یارییەکە، کە ناڕەزایەتیی زۆری راهێنەرەکەی لێکەوتووەتەوە بەرامبەر فیفا و یۆفا.
 
لە هەمان کۆمەڵەدا، سێلتیکی سکۆتلەندی دەیەوێت یەکەم سێ خاڵ لە وەرزی ئەمساڵدا بەدەست بهێنێت، کاتێک میوانداریی لازیۆ دەکات. لازیۆ لە یاریی یەکەمدا لە دوا ساتدا یەکسانبوونی لە ئاتلێتیکۆ سەند و تیپەکەی ماوریسیۆ ساریی راهێنەر، ناخوازێت بە شکستەوە لە سکۆتلەنداوە بگەڕێتەوە.
 
لە کۆمەڵەی هەشتەمدا کە بارسێلۆنا و پۆرتۆ لەلایەکی دیکەوە دەیانەوێت بگەنە خاڵی شەشەم لە پاڵەوانێتییەکەدا، رۆیال ئانتوێربی بەلجیکی دەیەوێت قەرەبووی شکستە قورسەکەی گەڕی پێشووی بەرامبەر بارسێلۆنا بکاتەوە، کاتێک رووبەڕووی شاختار دۆنێسکی ئۆکراینی دەبێتەوە..
 
شاختار لە یاریی یەکەمدا دۆڕاوە و ئەگەر ئەم یارییەش لە بەلجیکا بدۆڕێنێت، ئیدی پێناچێ ئومێدی بەمانەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا بەدەستەوە بمێنێت و ئەوەش هانی ئانتوێرب دەدات، پاڵپشتیی هاندەرەکانی بەباشترین شێوە بقۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن.
 
هاوشێوەی زۆر کۆمەڵەی دیکەی پاڵەوانێتییەکە، لە کۆمەڵەی حەوتەمدا، براوەکانی گەڕی پێشوو بردنەوەیەکی دیکەیان دەوێت کاتێک رووبەڕووی یەکدەبنەوە و دۆڕاوەکانیش خۆپاراستن لە دۆڕانێکی دیکە.
 
لایپزیگی براوەی گەڕی پێشوو، پێشوازی لە میوانێکی دڵنەگر و تۆقێنەر دەکات کە مانچێستەر سیتی هەڵگری نازناوەکەیە و ئەوەی بەسەر یادەوەرییەکانی ئەو رووبەڕووبوونەوەیەدا زاڵ دەبێت، شکستە مێژووییەکی وەرزی رابردووی یانە ئەڵمانییەکەیە بەرامبەر سیتی کە ئەنجامەکەی حەوت گۆڵی بێبەرامبەر بوو.
 
لایپزیگ لە دوو رووبەڕووبوونەوەی پێشوویدا بەرامبەر سیتی، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا یاریی کردبێت، نەدۆڕاوە، ئەمشەویش ئامانجی مارکۆ رۆزەی راهێنەرە هەمان شتە تاوەکو یانەکە تاوەکو کۆتایی شەڕ لەسەر بلیتێکی قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بکات.
 
لە هەمان کۆمەڵەدا سرڤینا زڤیردای سڕبی و یۆنگ بۆیزی سویسری، دەیانەوێت خۆیان لە سوپرایزەکانی یەکدی بپارێزن و تاڵی ئومێد لە دڵیاندا بهێڵنەوە لەپێناو گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی یۆرۆی 2024 بەرزدەکاتەوە. وێنە: AFP

ئیسپانیا بۆ چوارەم جار بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ

ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینگڵتەرای بردەوە.