رووداو هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 15:00 یارییەکانی گەڕی 28ـی خولی یانە نایابەکانی کوردستان لە یاریگە جیاجیاکان بەڕێوەدەچن، کە لە یاریی لوتکەی ئەم گەڕەدا یانەی برایەتی میوانداری یانەی ئاکرێ دەکات.
یانەی ئاکرێ لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر یاریزانی ئاستبەرزی کۆکردووەتەوە، تیپەکە ئاستێکی بەرزی بەسەرکردایەتی هەژار سابری راهێنەری لاو پێشکێشکردووە، تیپەکەی پایتەختی نەورۆز بەکۆکردنەوەی 47 خاڵ پلەی پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە.
یانەی برایەتی ئاستێکی باشی پێشکێش نەکرد، بەشێوەیەک تیپەکە 32 خاڵی هەیە و لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندییە، بەرپرسانی ئەم یانەیە چەند هەفتەیەکە بۆ رزگاربوون لە مەترسی دابەزین بۆ ریزی یانە پلەیەکەکانی کوردستان ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەیان دایە یونس سلێمان. برایەتی دەیەوێت خاڵ لە یانەی ئاکرێ وەربگرێت و هەڵوێستی خۆی لە ریزبەندیی بەهێزتر بکات، هەردوو یانە بەر لە یارییەکە بە رۆژێک دوایین یەکەی راهێنانیان لەسەر یاریگەی برایەتی ئەنجامدا.
هۆزەڤان زاهد، سەرپەرشتیاری یانەی ئاکرێ، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "یارییەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و بەدروشمی سەرکەوتن و هەنگاونان بۆ یەکەم نازناوی خولی نایابی کوردستان یاریدەکەین، سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی هاندەرانمان دەکەین لەم یارییەشدا ئەوان بەڕێژەیەکی زۆر ئامادەدەبن و دەبنە یاریزانی ژمارە دوازدە بۆ شەرکردن بەرامبەر یانەی برایەتی".
هەر لە شاری هەولێر، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی دووەمی فرانسۆ هەریری یاری لەگەڵ یانەی سۆران دەکات، ئەم یارییە بۆ هەردوو تیپ واتا یاری مان و نەمان، لەبەرئەوەی هەولێر 31 خاڵی هەیە و لە پلەی سێزدەی ریزبەندە،. دۆخی تیپەکەی خراپە و هاندەرانیشی نیگەران بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی.
یانەی سۆران حاڵی لە یانەی هەولێر باشتر نییە و خاوەن 27 خاڵە و دوایین پلەی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە، چاوەڕواندەکرێت ململانێیەکی بەهێز لەنێوان هەردوو تیپدا ببیندرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سەرمەد عەزیز، راهێنەری تیپی خولی کوردستان، لەم یارییەدا یاری بەچەند یاریزانێکی تیپی خولی عێراقی یانەکەیان بکات و دیارترینیان عەلی شاخەوان، هەردی سیامەند لەگەڵ دیدار غازی.
یارییەکی دیکەی پایتەختی کوردستان دیداری نێوان یانەی هەندرێن و یانەی رانیە دەبێت، رانیە میوانە نوێیەکەی خولی نایابی کوردستان، بەڵام ئاستبەرزییەکی سەرنجی هەمووانی راکێشا، ئێستا یانەکە بەکۆکردنەوەی 38 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندییە و تیپەکە خاوەن هاندەرێکی زۆرە، لە بەرامبەردا یانەی هەندرێن بەجیاوازی خاڵێک لە پلەی شەشەمی ریزبەندییە و وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە ئامانجی هەردوو لایە بۆ هەنگاونان بەرەو پلەکانی سەرەوەی ریزبەندی.
لە پیرمام یانەی ئارارات شەڕ یانەی دەربەندیخان دەکات، تیپەکەی پیرمام ئەمساڵ بە کاروانێکی خراپدا تیپەڕی و لە مەترسیدایە بەشێوەیەک تیپەکە 31 خاڵی هەیە و لە پلەی چواردەی ریزبەندییە، ئارارات دەیەوێت ناونیشانی یارییەکە بردنەوەیان بێت، یانەی دەربەندیخان پاڵەپەستۆی لەسەر نییە و 35 خاڵی هەیە لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە.
لە شاری سلێمانی یارییەکی ئاگرین لەنێوان یانەی سیروانی نوێ و یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەڕێوەدەچێت، پێشمەرگەی هەولێر وەرزی رابردوو نازناوی خولی نایابی، جامی سوپەری کوردستان و جامی کوردستانی بەرزکردەوە، تیپێک کە سەمیر بابۆی باشترین راهێنەری کوردستان سەرکردایەتی دەکات هیوای بردنەوەی، لەبەرئەوەی تیپەکە 45 خاڵی هەیە و پلەی دووەمی ریزبەندییە لە ئەگەری یەکسانبوون یان دۆڕانی یانەی ئاکرێ، پێشمەرگەی هەولێر پێشەنگی ریزبەندی وەردەگرێت.
لە بناری چیای سەفین یانەی شەقڵاوە لەنێو گێژاوی ئەنجامە خراپەکانی یاری لەگەڵ یانەی دهۆک دەکات، یارییەک کە هاندەرانی شەقڵاوە نزا بۆ سەرکەوتنی تیپەکەیان دەکەن، چونکە ئەوان 30 خاڵیان هەیە و لە پلەی پێشکۆتای ریزبەندین، هەرچی یانەی دهۆکە دەیەوێت هاوشێوەی سەرکەوتنە ناوازەکەیان لە خولی نایابی عێراق کە یانەی جەوییەیان تووشی یەکەم دۆڕاندن کرد لە وەرزی ئەمساڵ، ئەنجامێکی دڵخۆشکەر لە خولی کوردستان بەدەستبهێنن، تیپەکە 33 خاڵی هەیە و لە پلەی دەیەمی ریزبەندییە.
دەڤەری راپەڕین بە کەرنەڤاڵی هاندەرانی یانەی چوارقوڕنە بەنێوبانگە، لەم گەڕەدا یانەی چوارقوڕنە کێبرکێی یانەی زاخۆ دەکات، هەر دوو تیپ 35 خاڵیان هەیە و دەیانەوێت هەڵوێستیان لە ناوەڕواستی ریزبەندیی قایمتر بێت.
لە گەرمیان شێروانە دەیەوێت سێ خاڵ لە یانەی سەیدسادق وەربگرێت، شێروانە وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پیشانداوە و بە کۆکردنەوەی 43 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە، بردنەوەی یارییەکە مانەوەی تیپەکەی گەرمیانە لە رکابەریکردن لەسەر نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولەکە.
یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بە بەشداری 16 یانە بەسەرپەرشتی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بەڕێوەدەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ