هەولێر دەیەوێت یاریی لووتکە لە شورتە بباتەوە

04-01-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر یانەی شورتە
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی دوازدەی خولی ئەستێرەکانی عێراق کاژێر 16:00، یانەی  هەولێر لەنێو یاریگەی شەعبی بەغدا یاری لەگەڵ یانەی شورتە دەکات.
 
یانەی هەولێر دوو رۆژە گەشتی شاری بەغدای کردووە، تیپەکە پاش کۆتاییەکی دراماتیکی پڕ لە رووداو لە کۆتاییەکانی 2024، گێرمەوکێشەی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی یانەکە و پاشان چوونە دەرەوە لە جامی عێراق لەسەردەستی موسڵ، دەیەوێت بەسەرەتایەکی باشەوە لە ساڵی نوێدا دەربکەوێت.
 
هەولێر لە دوایین یاریی خۆیدا لە خولەکە، سەرکەوتنی بەسەر یانەی کارەبادا بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا شورتە دوای یەکسانبوون بەرامبەر مینا، چاوی لە حەوتەم بردنەوەیە لە وەرزی ئەمساڵی خولەکە.
 
یارییەکە بۆ هەردوو یانە بەهێز و گرنگە، هەولێر لە هەفتەی رابردوودا مەشقی باشی ئامادەسازیی بۆ یارییەکە کردووە و دەیەوێت بەئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە، لە دوایین یەکەی راهێنانیشدا گەشبینی و بەرزی مۆڕاڵیان بە یاریزانەکانەوە دیارە.
 
کاوە ئیبراهیم، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ماوەی هەفتەیەک بەشێوەیەکی باش کارمان لەسەر پلانی تایبەت بەو یارییە و بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی تیپەکە کردووە، ئێمە خاوەن مێژووین و چوار نازناوی خولی نایابی عێراقمان بردووەتەوە، بۆیە دەتوانین لە یانەی شورتە ببەینەوە". 
 
بەر لە یارییەکە، شورتە یەکێکە لە یانە رکابەرەکان لەسەر نازناوی ئەمساڵی خولەکە و تەنیا پێنج خاڵ لە جەوییەی پێشەنگەوە دوورە. هەرچی هەولێرە لە ململانێیەکی بەهێزدایە لەگەڵ یانەکانی شەشەم تاوەکو سێیەمی ریزبەندییەکە و دەیەوێت خاڵە لاوازەکانی شورتە بقۆزێتەوە.
 
یوسف بن سۆدە، یاریزانی پیشەگەری یانەی هەولێر، بە گەشبینییەکی زۆرەوە بۆ رووداو گوتی "هەموو تیپێک خاڵی بەهێز و لاوازی هەیە، ئێمە کار لەسەر خاڵە لاوازەکانی شورتە دەکەین و بەقۆستنەوەی خاڵە لاوازەکانیان دەتوانین ببەینەوە، دەمانەوێت هاندەرانمان دڵخۆش بکەین". 
 
بەتایبەت کە شورتە نایەوێت خاڵی زیاتر لە ململانێیەکەی لەگەڵ جەوییەی پێشەنگ لەدەستبدات و هەولێریش بەرەو پلەکانی پێشەوەی ریزبەندییەکە سەربکەوێت.
 
هەولێر لەم یارییەدا، لەتواناکانی هێلیۆ مۆنتێرۆی بەرگریکار بێبەش دەبێت کە بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتەکانەوە سڕکراوە. هیگۆر ڤیداڵی ناوەڕاستکار ئەگەرچی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا بەشدارییکردووە، بەڵام پێناچێت راهێنەر لە پێکهاتەی سەرەکیدا بەشداری پێبکات.
 
هەواڵی خۆش بۆ هاندەرانی هەولێر، ئامادەیی و گەڕانەوەی شێرکۆ کەریمی کاپتنی تیپەکەیە کە بۆ رووداو، روونیکردەوە " تەندروستیم باشە و بەدڵنیاییەوە دەتوانم وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری یارییەکە بکەم ".
 
ئەگەرچی دوایین سەرکەوتنی هەولێر بەسەر شورتە لەنێو بەغدا بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، بەڵام تیپەکەی سەمیر بابۆ دەیەوێت سوود لە ناسەقامگیریی شورتە لە یارییەکانی چەند گەڕی پێشوو وەربگرێت و لە دوای دە ساڵ، جارێکی دیکە سەرکەوتن بەسەر شورتەدا بەدەست بهێنێتەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاژێر 5:00 سەتان هاندەری یانەی هەولێر بەرەو شاری بەغدا بۆ پاڵپشتی تیپەکەیان بەڕێکەوتن، رووداو تاکە میدیا بوو دەنگ و رەنگی هاندەرانی گواستەوە و ئەوان زۆر گەشبینن بە ئاستی گۆاردیۆلاکەی کوردستان کە سەرکردایەتی تیپەکەیان دەکات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە