رووداو دیجیتاڵ
هاری ماگوایەری بەرگریکەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، رووبەڕووی هەڵوێستێکی ناخۆشبووەوە، پاشئەوەی لافاو چووە نێو کۆشکەکەیەوە.
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، ماگوایەر یەکێک بووە لە سەدان قوربانیی لافاو لە شەوی سەری ساڵدا.
سەرچاوەکان دەڵێن، ماگوایەری 31 ساڵ، لە کۆشکە گەورەکەی خۆی کە بەهاکەی 4.83 ملیۆن یۆرۆیە، ئاهەنگی سەری ساڵی گێڕاوە، بەڵام لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، دووچاری شۆکبووە، کاتێک بینیویەتی باخچەی ماڵەکەی ژێر ئاو کەوتووە.
لە ئاهەنگەکەی ماگوایەردا، جۆردان بیکفۆردی گۆڵپارێزی ئیڤێرتۆنیش بەشدارییکردووە، لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی دیکەی نزیکی ئەو یاریزانە، بەڵام پاش چەند کاژێرێک لەتەواوبوونی ئاهەنگەکە، کارەسات رووی لە ماڵەکەی کردووە.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئاوی باران و لافاو لە گەڕەکی ویلسملۆی ناوچەی چیچایەر بەشێوەیەک بەرزبووەتەوە، لە هەندێک ناوچە بەبەرزیی مەترێک ئاو کۆبووەتەو.
رۆژنامەی 'سەن'ی بەریتانی دەڵێ، بەرەبەیانی یەکەم رۆژی ساڵی نوێ، ماگوایەر زوو لەخەو رابووە و لەگەڵ هەندێک لە میوانەکانی کە شەو لە کۆشکەکە ماونەتەوە، کەوتووەتە دەردانی ئاو لە باخچەی کۆشکەکەی، تاوەکو دزە نەکاتە نێو ناو کۆشکەکە.
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، "ماگوایەر و میوانەکانی کاتێک بەئاگاهاتوون، بینیویانە باخچەی پشتەوەی ماڵەکە پڕ ئاو بووە و خەریکە دەگاتە نێو ژوورەکان، هەربۆیە دەستبەجێ دەستیانکردووە بەئاو دەردان و ئەوەش سەرەتایەکی زۆر خراپ بووە بۆ ساڵە نوێیەکەی ماگوایەر".
ماگوایەر کە باوکی دوو منداڵە، لە دۆخێکی باشدا نییە لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد و وێڕای ئەنجامە خراپەکانی یانەکە، خۆیشی لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەدا نییە و یانەکە مەترسیی دابەزین بۆ خولی چامپیۆنشیپی لەسەرە.
ماگوایەر، دوێنێ هەینی گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ مانچێستەر یونایتد نوێکرایەوە و رۆبین ئامۆریم، راهێنەری یانەکە رایگەیاند، ئەو یاریزانە پێویستی بەپەرەپێدانی تواناکانی و باشتربوون هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ