ئەمشەو شەوی خۆسەلماندنی چاڤی و ڤیتۆر رۆکییە

04-01-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤیتۆر رۆکی بارسێلۆنا چاڤی هێرناندێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای چەند هەفتەیەک لە ئاستی خراپ و لەدەستدانی خاڵ و دوورکەوتنەوە لە رکابەرەکانی، بارسێلۆنا دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی یەکەمی لالیگای ئەمساڵدا ئەنجامدەدات و هەمووان پێشبینیدەکەن تیپەکە پەرچەکرداری بەرامبەر هەفتە خراپەکانی پێشووی خۆی هەبێت.
 
تیپەکەی چاڤی هێرناندێز، روو لە یاریگەی دی گران کاناریا دەکات و پێویستیی زۆری بە دوانزەیەمین بردنەوە لە وەرزی ئەمساڵدا هەیە، تاوەکو جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ تیپەکانی پێش خۆی لە ریزبەندییەکە کەمبکاتەوە، چونکە بەدەستنەهێنانی ئەنجامێکی باش و پێشاننەدانی پەرچەکرداری پێویست لە یارییەکەدا، جارێکی دیکە مقۆمقۆ و مشتومڕ لەسەر تیپەکە زیندوو دەکاتەوە.
 
بارسێلۆنا ئەگەرچی هێشتا بەتەواوی لە رکابەریکردن لەسەر نازناوی وەرزی ئەمساڵی لالیگا دانەبڕاوە، بەڵام ئەنجامەکانی نیوەی یەکەمی ساڵەکە، جۆرێک لە بێئومێدییان لای هاندەرانی دروستکردووە و هەمووان چاوەڕێن، وەکئەوەی میدیای کەتەلۆنی ئاماژەیان پێداوە، تیپەکە لە دوای پشووەکانەوە، پەرچەکرداری هەبێت بەرامبەر دۆخە نەخوازراوەکەی خۆی و ئەوە دووپات بکاتەوە، کە هێشتا نازناوەکە بۆ بارسا، لە مەیدانەکەدایە.
 
چاڤی هێرناندێزی راهێنەر، وەکئەوەی سەرچاوە نزیکەکانی تیپەکە باسیان کردووە، لە ماوەی پشووەکاندا سەرنجی زۆری خستووەتە سەر بەرزکردنەوەی توانای کاریگەریی و یەکلاکەرەوەیی لە تیپەکەدا و کاری زۆری لەسەر ئەوە کردووە، کێشەی لاوازیی هێڵی بەرگرییەکە چارەسەر بکات و گۆڵکەرەکانیشی یەکلاکەرەوەتر خۆیان لە بەرامبەر گۆڵی تیپی بەرامبەردا پێشان بدەن.
 
ئەگەر چاڤی لە یارییەکەدا پەنا بباتە بەر یارییپێکردنی ڤیتۆر رۆکی، هێرشبەری لاو و نوێترین یاریزانی هاتوو بۆ ریزەکانی بلووگرانا و هەلی یارییکردنی پێبدات، بێگومان دەرکەوتن و ستایلی یارییکردنی ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە بەشێکی سەرنجەکان بۆخۆی دەبات و گۆڵ تۆمارکردنیش لە یەکەم دەرکەوتندا، بەدرێسی بارساوە، رێگەی خۆشەویستییەکی قووڵ بۆ ئەو هێرشبەرە لای هاندەرانی یانەکە دەکاتەوە.
 
لاس پاڵماس، وەکئەوەی ئەنجامەکانی وەرزی ئەمساڵی پێشانیانداوە و وەکئەوەی چاڤی هێرناندێزیش باسیکردووە، میوانداریکەرێکی ئازاردەر دەبێت بۆ بارسێلۆنا و پێشبینیکراوە ئەو تیپە، بەئاسانی خۆی بەدەست ویستی گەورەی بردنەوەی بارساوە نەدات.
 
بارسێلۆنا لە یارییەکەی ئەمشەودا نایەوێت سیناریۆی دوایین سەردانی بۆ ئەو یاریگەیە لێ دووپات ببێتەوە، کاتێک ساڵی 2018 کەدواجاربوو بارسا بچێتە ئەو یاریگەیەوە، بەیەکسانبوون بەگۆڵێک لێیەوە گەڕایەوە.. جگە لە بردنەوە، هەموو ئەنجامێک بۆ تیپەکەی چاڤی لە یارییەکەی ئەمشەودا، دەبێتە مایەی نیگەرانییەکی قووڵ بۆ هاندەرە کەتەلۆنییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە