نهێنیی وازهێنانی سیمیۆنی لە قاتە رەشە بەنێوبانگەکەی

03-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی قاتی رەش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئەرجەنتینیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، لە کاتی یارییەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا، لە سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراودا بەجلێکی وەرزشی دەرکەوت لەبری ئەو قاتە رەشەی 13 ساڵە لەبەری دەکات.
 
پێش دەستپێکردنی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، سیمیۆنی  رۆیشتە لای هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بارسێلۆنا بۆ ئەوەی لە باوەشی بگرێت، دیمەنێکی ناوازە بوو، بەڵام ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێش بوو بۆ هاندەرانی تۆپی پێ، جلەکانی سیمیۆنی بوون.
 
سیمیۆنی کە بە پۆشینی قاتە رەشەکەی لە یارییە گەورەکاندا ناسراوە و 13 ساڵە ئەو قاتە لەبەردەکات، ئەمساڵ لە جامی شای ئیسپانیا ئەو خووەی گۆڕی و بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە بە جلێکی وەرزشی دەرکەوت، بەڵام ئەوەی بووە سوپرایز ئەوەبوو کە هاندەران چاوەڕوانیان دەکرد راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە بەهۆی گرنگی و گەورەیی ئەو یارییەوە قاتەکەی لەبەربکاتەوە.
 
ئەم گۆڕانکارییە تەنیا بڕیارێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بە خورافاتەکانەوە هەبوو، کە پێیوایە لەم جۆرە دۆخە چارەنووسسازانەدا "کاریگەری و بەختێکی گەورە"ـی هەیە.
 
سیمیۆنی بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە پابەند بووە بەم جلە وەرزشییە نوێیە، ئەمەش رەنگدانەوەی پابەندبوونیەتی بە پاراستنی بیروباوەرەکانی خۆی و دوورکەوتنەوە لە هەر گۆڕانکارییەک کە کاریگەری لەسەر چانسی تیپەکەی هەبێت.
 
بەڵام پێدەچێت ئەم بۆچوونە خورافیانەی سیمیۆنی دوای شکستە تاڵەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا تێکشکابێت.
 
دوای یارییەکی سەرنجڕاکێش لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ، تیپەکەی سیمیۆنی بەئەنجامی 0-1 بە بارسێلۆنا دۆڕا و بەکۆی هەردوو یاریی 5-4 بارسێلۆنا گەیشتنی بۆ یاریی کۆتایی مسۆگەرکرد.
 
هەرچەندە سیمیۆنی بە لەبەرکردنی یەکپۆشی هەوڵیدا نەریت بشکێنێت، بەڵام ئەو ئەفسانەیەی هەمیشە پەیوەست بووە بە ستایلەکەیەوە لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا، لە کۆتاییدا شکستی هێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە