پیکێ تێوەگلا و روبیالێس دەستگیرکرا

03-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لویس روبیالێس، سەرۆکی پێشووی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر دەکرێت و جێرارد پیکێی یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆناش لە کەیسەکە تێوەدەگلێت. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4-3-2024، روبیالێس گەشتە دوو مانگییەکەی بۆ کۆماری دۆمینیکا کۆتایی پێهێنا و گەڕایەوە ئیسپانیا. پۆلیسی نیشتیمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند کە لە فڕۆکەخانەی شاری مەدرید روبیالێسیان دەستبەسەرکردووە و پێیان راگەیاندووە کە گومانلێکراوە بە تێوەگلان لە کەیسێکی گەندەڵی، دواتر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردووە و لە کۆتاییدا ئازادیان کردووە.
 
لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، روبیالس گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە جامی سوپەری ئیسپانیادا کرد کاتێک لە وەرزی 2019/2020 لەگەڵ کۆمپانیای کۆسمۆس کە جێرارد پیکێ خاوەندارێتی دەکات، رێککەوت و بڕیاریدا ژمارەی یانەکانی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەکە بۆ چوار یانە زیادبکات و یارییەکانیش بگوازێتەوە بۆ شانشینی سعودیە، کە لە رابردوودا تەنیا دوو یانە بەشدارییان لەو پاڵەوانێتییەدا دەکرد و یارییەکەی نێوانیشیان لە ئیسپانیا بەڕێوەدەچوو. 
 
بڕی گرێبەستەکەی نێوان فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و شانشینی سعودیە بە 120 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، لە ساڵی 2022 تۆمارێکی دەنگی لە نێوان رووبیالێس و جێرارد پیكێ دزەی پێدەکرێت کە باس لە وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار دەکەن لە گرێبەستەکەیان لەگەڵ سعودیە، ئەمەش وایکرد دادگایەکی شاری مەدرید لەوبارەیەوە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات و ئێستا رووبیالێس گومانلێکراوە بەوەی لەو گرێبەستەدا بەرتیلی وەرگرتبێت، داواکاری گشتیش داوا دەکات بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی بکرێت. بەپێی دوایین هەواڵەکان، جێرارد پیکێ شانبەشانی روبیالێس تۆمەتبارکراوە و پێشبینی دەکرێت رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە. 
 
لای خۆیەوە، سەرۆکەکەی پێشووی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە ئاراستەی کراون و دەڵێت "ئەو پارانەی لە هەژماری بانکییەکەمدا هەیە، لە ئەنجامی کارەکانی خۆمەوە بەدەستمهێناون."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە لە ئەیلولی ساڵی رابردوو، رووبیالێس وازی لە پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا هێنا دوای ئەوەی لە رێوڕەسمی یاریی کۆتایی مۆندیالی خانماندا لە کاتی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە ماچکردنی جینیفەر هێرمۆسۆ، هەڵایەکی گەورەی میدیایی نایەوە و رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵیشدا، فیفا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە هەموو کاروبارێکی پەیوەست بە تۆپی پێوە سڕی بکات. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە