هۆکاری دەرکردنی گرینود بە کارتی سوور ئاشکرابوو

03-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن لالیگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هۆکاری دەرکردنی مەیسن گرینود، یاریزانی ئینگلیزی و ئەستێرەی یانەی خیتافی بە کارتی سوور لە یاریی بەرامبەر رایۆ ڤایێکانۆ ئاشکراکرا و یاریزانێکی هاوڕێی بەرگری لێدەکات.
 
لە گەڕی 11ـی لالیگا، یانەی خیتافی میوانداریی رایۆ ڤایێکانۆی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 2-0 پێدۆڕاند، یارییەکە توندوتیژییەکی زۆری بەخۆوە بینی و 12 کارتی رەنگاورەنگی تێدا بەکارهێنرا.
 
لە خولەکی 50، بەهۆی هەژمارنەکردنی فاوڵێکەوە، گرینود بە تووڕەییەوە بەرەوڕووی خۆرهێ ڤازکێز، ناوبژیوانی یارییەکە دەڕوات و ناڕەزایی دەردەبڕێت، ڤازکێزیش راستەوخۆ کارتی سوور بەڕووی یاریزانەکە بەرزدەکاتەوە و دەیکاتە دەرەوە، دوای یارییەکە لە راپۆرتی ناوبژیواندا، ڤازکێز دەڵێت "لە خولەکی 50 گرینود بە کارتی سوور کرایە دەرەوە بەهۆی ئەوەی قۆڵی بەرزکردەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و پێیگوتم "نەفرەتت لێبێت". 
 
ڤازکێز زیاتر دەڵێت "دوای ئەوەی کرایە دەرەوە، گرینود پەنجەی بۆ سەری دەبات و دووبارە وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکەی من".
 
لە هەمان کاتدا، گرینود جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گوتویەتی "بە نەفرەت بێت" نەوەک "بە نەفرەت بیت"، دوابەدوای ئەوەش، خوان ئیگلێسیاس، بەرگریکاری یانەی خیتافی بەرگری لە هاوتیپەکەی دەکات و دەڵێت "ئەگەر هەر کەسێک ڤیدیۆیەکی گرینودی دۆزیەوە کە بڵێت "نەفرەتت لێبێت"، ئەوا من بانگهێشتی دەکەم بۆ خواردنی ماریسکادا (خواردنێکی دەریاییە)".
 
مەیسن گرینود، یاریزانی ئینگلیزی و یانەی مانچێستەر یونایتد کە ئێستا بە خواستن یاری بۆ یانەی خیتافی دەکات، بە ئاستە نایابەکەی هەمووانی سەرسامکردووە و وایکردووە چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا چاودێری بکەن و بیانەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکەن، یاریزانەکە لەم وەرزەدا 16 یاری کردووە و بەشداری 9 گۆڵی کردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە