پۆرتوگال دراوێک بەناو و وێنەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەردەکات

02-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ دراوی رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی لە پۆرتوگال ئاشکرایانکردووە، پۆرتوگال بڕیاریداوە رێز لە ئەفسانەی خۆی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی سەرکردەی مێژوویی تیپی تۆپی پێ و ئەستێرەی ئێستای یانەی نەسڕی سعودیە بگرێت، بە دەرکردنی دراوێکی نوێ کە ناو و وێنەی یاریزانەکەی لەسەرە لە هەردوولا.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، پۆرتوگال دراوێکی نوێ بە بەهای 7 یۆرۆ (ئەو ژمارەیەی رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال یان لەگەڵ یانەکاندا لەبەریکردووە) دروست دەکات، ئەمەش وەک رێزێک بۆ ئەو دەستکەوتانەی لەماوەی زیاتر لە 20 ساڵ بۆ وڵاتەکەی بەدەستهێناوە.
 
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دراوە نوێیەکە وێنەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە هەردوولا هەڵگرتووە، بەڵام ئاماژەیان بە وردەکاریی زیاتر نەکردووە سەبارەت بەوەی کەی بەفەرمی لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێدەکرێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک سەرچاوەی دیکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو هەواڵە تەنیا دەنگۆیە و لە بنەڕەتدا هەنگاوێکی لەو جۆرە لەئارادا نییە.
 
ئەو سەرچاوانە دووپاتی دەکەنەوە کە سەرچاوە فەرمییەکان لە بانکی ناوەندی پۆرتوگال ئەو هەواڵەیان رەتکردووەتەوە.
 
هەروەها دەزگای بەرپرس لە چاپکردنی دراو لە پۆرتوگال، لە لێدوانێکدا کە فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە کە هیچ دراوێک دەرنەچووە ناو و وێنەی رۆناڵدۆی لەسەربێت.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یەکەم یاریی پیشەگەریی خۆی لەساڵی 2002 لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لیسبۆن دەستپێکرد، و کاروانێکی سەرسوڕهێنەری تۆپی پێی هەبووە.
 
ئەفسانەی ریال مەدرید گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیە، کە لە 217 یارییدا 135 گۆڵی تۆمارکردووە، هەروەها چەندین دەستکەوتی بۆ وڵاتەکەی بەدەستهیناوە، لەوانە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی نەتەوەکانی ئەوروپا 'یۆرۆی 2016' و نازناوی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا 'نەیشنسلیگ' لە ساڵی 2021.
 
دۆن رۆناڵدۆ تاوەکو ئێستاش یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی وڵاتەکەی و جیهانیش، بەتایبەتی دوای ئەوەی کەناڵێکی لە یوتیوب دروستکرد، ئەمە جگە لە درێژەدان بە دەستکەوتەکانی و خەڵاتەکانی لە تۆپی پێدا.
 
هەفتەی رابردوو ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەباشترین گۆڵکاری تۆپی پێ لە هەموو سەردەمێکدا دانرا، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە ئاهەنگی خەڵاتی گڵۆب سۆکەر بۆ ساڵی 2024 پێدرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە