رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، متمانەی بە هێرڤی رێنار، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی دایەوە، سەرەڕای ئەوەی لە جامی کەنداو کرانە دەرەوە و عەلی بلەیهی و چەند یاریزانێکی دیکەش لە هەڵبژاردەکە دووردەخرێنەوە.
دوای کرانە دەرەوەی هەڵبژاردەی سعودیە لە جامی کەنداو، لە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین، هەڵبژاردەکە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە و دەنگۆی زۆر لەبارەی دوورخستنەوەی هێرڤی رێنار، راهێنەری هەڵبژاردەکە بڵاوکرانەوە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری ئەو راهێنەرە ببێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە، فیدراسیۆنی تۆپی پێ بڕیاریداوە متمانە بە هێرڤی رێنار بداتەوە بۆ ئەوەی راهێنەرەکە لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە راستەقینەکە بەردەوامبێت کە گەیشتنە بە مۆندیالی 2026.
دوای ماڵئاواییکردنیان لە جامی کەنداو، هێرڤی رێنار، راپۆرتێک لەبارەی دۆخی هەڵبژاردەی سعودیە و ئاستی تیپەکەی دەداتە فیدراسیۆنی تۆپی، بۆ ئەوەی بەیەکەوە کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بکەن کە لە تیپەکەدا هەن.
لەلایەکی دیکەوە راهێنەرە فەرەنسییەکە، بڕیارییداوە بۆ قۆناخی داهاتوو چەند گۆڕانکارییەک لە هەڵبژاردەکەدا بکات و چەند یاریزانێک لە تیپەکە دووربخاتەوە، لە پێش هەمووشیانەوە عەلی بلەیهی، بەرگریکاری هەڵبژاردەکە کە لە جامی کەنداودا زۆرترین کاردانەوەی دروستکرد، جگە لەویش هەریەکە لە سوڵتان غەنام و یاسر شەهرانیش لە هەڵبژاردەکە دووردەخرێنەوە.
هێرڤی رێنار دەیەوێت، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی داهاتووی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، تیپێکی بەهێز بۆ سعودیە بونیادبنێتەوە و بەهێزەوە بچێتەوە نێو رکابەرییەکان.
رۆژی 20ـی ئاداری داهاتوو، سعودیە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر چین یاری دەکات، دوای 5 رۆژ لەو یارییەش لە دەرەوەی یاریگەی رووبەڕووی ژاپۆن دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی سعودیە لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالدا لە کۆمەڵەی سێیەمە، لە 6 یارییدا تەنیا 6 خاڵی هەیە و ئەرکیان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو ئاسان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ