بەهۆی رۆناڵدۆوە، مێسی پێیوایە گارناچۆ "خیانەتکارە"

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کریستیانۆ رۆناڵد لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوایین زانیاری لەبارەی پەیوەندی خراپی نێوان لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئەلیخاندرۆ گارناچۆی یاریزانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دەریخستووە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هۆکاری پەیوەندییە خراپەکەیە.
 
پێشتر سەرچاوەکان باسیان لەوەکردبوو کە پەیوەندی نێوان مێسی و گارناچۆی هاونیشتمانیی خراپە، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە بایەخ بەپێکرانی مێسی کاپتنی هەڵبژاردەکە نادات کاتێک لە کۆپا ئەمێریکای 2024ی تووشی پێکان دەبێت، لە یاریی نێوان ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا.
 
گارناچۆ هەروەها ئەو خەڵاتەی مێسی دابوویە سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پێش دەستپێکردنی کۆپا ئەمێریکا، بەخیشیبوویە براکەی.
 
ماڵپەری 'سپۆرتس کیدا' ئاشکرایکردووە، هۆکاری سەرەکی پەیوەندی خراپی نێوان مێسی و گارناچۆ بەهۆی ئەوەوەیە کە کاپتنی ئەرجەنتین هۆکاربووە بۆ دوورخستنەوەی گارناچۆ لە پێکهاتەی ئەرجەنتینی بەشدار لە مۆندیالی 2022ی قەتەر کە ئەرجەنتین نازناوەکەی تێدا بەدەستهێنا.
 
لە قەتەر، ئەرجەنتین بۆ سێیەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی مۆندیالی بردەوە، پاشئەوەی پێشتر لە ساڵانی 1978 و 1986 نازناوەکەی بردبووەوە.
 
کاتێک لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی ئەرجەنتین بۆ مۆندیالی 2022 ئاشکرا کرد، دوورخستنەوەی گارناچۆ پرسیاری زۆری دروستکرد، چونکە ئەو یاریزانە یەکێکبوو لە یاریزانە ئەرجەنتینییە درەوشاوەکان.
 
ئەو ماڵپەرە دەڵێ، ئەوکات مێسی زۆر تووڕەبووە لە گارناچۆ بەهۆی پەیوەندی قووڵی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دانانی بەنموونی باڵای خۆی، ئەمە جیا لەوەی گارناچۆ لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بەدرێسی رۆناڵدۆوە دەرکەوتبوو و لاسایی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکانی ئەوی دەکردەوە.
 
ماڵپەرەکە دەڵێ، مێسی هۆکاری دوورخستنەوەی گارناچۆ بووە لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالدا، ئەمەش لەبەرئەوەی سووربووە بەناوبردنی گارناچۆ وەک ناپاکێک و داوای لە لیۆنێل سکالۆنی راهێنەر کردووە، ئەو یاریزانە بانگهێشتی مۆندیال نەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە