تایبەت بە رووداو.. یانەی هەولێر داوادەکات یاریی کۆتایی جامی عێراق لە هەولێر بکرێت

01-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر دەیەوێت یاریی کۆتایی جامی عێراق، لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامبدرێت و چاوەڕواندەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا، یانەکە بەفەرمی ئەو داواکارییە پێشکێشی لیژنەی پێشبڕکێکان بکات.
 
سەرچاوەیەک لە یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوای گەیشتنمان بە یاریی کۆتایی جامی عێراق، بەنیازیین داواکارییەک ئاراستەی لیژنەی پێشبڕکێکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بکەین، بۆ ئەوەی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەبچێت."
 
سەرچاوەکە ئەوەی بە رووداو گوت "دەکرێت بە زارەکی ئەو داواکارییە پێشکێشکرابێت، بەڵام چاوەڕێی گەڕانەوەی سەرۆکی یانەکە دەکەین بۆ ئەوەی بەفەرمی داواکارییەکە بەرزبکەینەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە بەشێکی هاندەرانی یانەی هەولێر لە سۆشیاڵ میدیا داوادەکەن، ئەگەر یارییەکە لە هەولێریش نەکرێت، لە یاریگەی زاخۆ بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی زۆرترین هاندەر لەنێو یاریگەدا پاڵپشتی یانەکە بکەن.
 
یانەی هەولێر شەوی دووشەممە دوای بردنەوەی لە یانەی حدوود بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق، رۆژی شەممە کاژێر 20:00 لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی قوە جەوییە و کەرخ یارییدەکات، کە ئەمشەو یارییەکەیان لە یاریگەی شەعب بەڕێوەدەچێت.
 
هەولێر پێشتر چوار جار نازناوی خولی تۆپی پێی عێراقی بردووەتەوە، دووجار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئاسیا، بەڵام یەکەمجارە لە مێژوودا هەلی بردنەوەی جامی عێراقی بۆ رێکدەکەوێت، بۆیە نایەوێت ئەم هەلە بە ئاسانی لەدەستبدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە