کاڤانی هۆکاری چوونی بۆ خولی ئەرجەنتین ئاشکرا دەکات

01-08-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیدینسۆن کاڤانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئیدینسۆن کاڤانی، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی بە گرێبەستێکی 18 مانگی چووە ریزەکانی یانەی بۆکاجۆنیۆرزی ئەرجەنتینی و لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ناساندنیدا، هۆکاری هەڵبژاردنی یانەی بۆکا جۆنیۆرز و خولی ئەرجەنتینی ئاشکراکرد.
 
کاڤانی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، هۆکاری هەڵبژاردنی خولی ئەرجەنتینی ئاشکراکرد و گوتی "بۆ ئەرجەنتینم هەڵبژارد؟ لە راستیدا ویستم بگەڕێمەوە بۆ ناوچەیەکی نزیک لە وڵاتەکەم. پێموانییە وڵاتێک لە ئەرجەنتین زیاتر لە وڵاتەکەم بچێت و پێموانییە یانەیەکیش هەبێت کە  لە بۆکا جونیۆرز زیاتر، هیوابخوازم ژیانی وەرزشیی خۆم تێیدا تەواو بکەم".
 
ئەو سوپاسی ئەو پێشووازییە گەرمەشی کرد، کە لە لایەن هاندەرانی بۆکا جۆنیۆرزەوە لێیکرا و گوتی "دەمەوێ سوپاسی هاندەرانی بۆکا جونیۆرز بکەم، چونکە لەم ساتەدا بەڕاستی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم کە بچمە نێو یاریگە و سڵاویان لێبکەم، هیوادارم وەک پێشتر گوتوومە پەیوەندییەکی باشمان هەبێت، پێکەوە ئەزموونی باش و ساتەوەختی باشمان هەبێت. سەرکەوتن و هەموو ئەو شتانەی کە ئەم یانەیە لەسەریان راهاتووە بە بەدەستبهێنین".
 
یانەی بۆکا جۆنیۆرزی ئەرجەنتینی، لە رێوڕەسمێکی جوان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی یانەکە، کاڤانی بەفەرمی ناساند و ژمارەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای پێدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە