کۆتایی چامپیۆنزلیگ.. ریال مەدرید و دۆرتموند لەبەردەم کۆتاییەکی لەبیرنەکراودا

01-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید بۆرووسیا دۆرتموند چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتیی کیشوەری دەکەن لەسەر ئاستی یانەکان.
 
چاوەکان لەسەر لەندەن و یاریگەی وێمبڵی دەبن، کاتێک کاژێر 22:00 هەردوو یانە لە یارییەکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەدا بۆ گەیشتن بەو جامەی هەمووان خەونی پێوە دەبینن رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لەندەن ماوەیەکی درێژە خۆی بۆ ئەم یارییە سەرنجڕاکێشە ئامادەدەکات، چەند رۆژێکە ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی هەردوو یانە بۆ بینینی یارییەکە لە نزیکەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا و بەر لەوەی لە یاریگەدا فیکەی دەستپێکی یارییەکە لێبدرێت، ئەوان وێنەی یادگاری لەگەڵ جام و یاریگە جوانەکەی وێمبڵی دەگرن.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا، رێژەی دابەشکردنی هاندەران بۆ هەردوو یانە یەکسانە، هەر یەکێکیان 25 هەزار بلیتیان پێدراوە، ئەوانەی دیکە بەشێکیان لەلایەن یۆفاوە دەفرۆشرێن و ئەوەی دیکەشیان بۆ میوانە تایبەتەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەبن بۆ ئامادەبوون لە یارییە بەهێز و بالکێشەکەی چامپیۆنزلیگ.

 
ریال مەدرید لەبەردەم پازدەیەمدا
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، خاوەنی 14 نازناوی چامپیۆنزلیگ و زۆرترین لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، چەند گەڕێک بەر لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا نازناوی خولەکەی بۆ جاری 36 لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە، بۆیە کاتێکی زیاتری هەبوو بۆ ئەوەی بەباشی خۆی بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەدەبکات.
 
یانەکە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە دوای گەشتێکی دوو کاژێری لە مەدریدەوە گەیشتە لەندەن، ئێوارەی رۆژی هەینی یانەکە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی خۆی لەنێو یاریگەی وێمبڵی ئەنجامدا و یاریزانەکانی بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یارییەکە ئامادەن و دەیەوێت بە جامی چامپیۆنزلیگەوە بگەڕێتەوە مەدرید و بۆ پازدەیەمجار لە مێژوویدا ببێتە پاڵەوانی ئەوروپا.
 
لە ریزەکانی یانەی ریال مەدریددا، هەریەکە لە دەیڤد ئالابا و ئورلیێن چوامینی بەهۆی پێکانەوە بۆ یارییەکە ئامادەنین، چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاندرێ لونین تووشی پەتایەک بوو، بەڵام چاکبووەتەوە و ئەمڕۆ بۆ پەیوەندیکردن بە شاندی تیپەکەوە دەگاتە لەندەن، بەڵام زەحمەتە یاری بکات، لە کاتێکدا تیبۆ کۆرتوا بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.

 

 
پەیامی کۆتایی ئەنچێلۆتی بۆ یارییەکە
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "یاریی کۆتایی، یاریی کۆتاییە، کۆتایی چامپیۆنزلیگە یارییەکە لە هەموو یارییەکانی دیکە گرنگترە و زۆرترین مەترسی هەیە، پێموایە تاوەکو دەتوانین دەبێت چێژ لەوە وەربگرین کە گەیشتووینەتە ئێرە، بەڵام دوای ئەوە رارایی دەستپێدەکات، چونکە تۆ زۆر نزیکدەبیتەوە لەوەی لە تۆپی پێدا گرنگترین شت ببەیتەوە کە چامپیۆنزلیگە."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە زیاتر گوتی "ژووری جلگۆڕین ئارامە و بەپەرۆشین بۆ ئەنجامدانی یارییەکە، ئێمە بەرامبەر رکابەرێکی بەهێز یاریی دەکەین و زۆر رێزیان دەگرین، یاریی کۆتایی زۆر زەحمەتە و پێویستە بە بیرکردنەوەیەکی بەهێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، بەڵام نابێت هەرگیز خۆمان بەدەستەوە بدەین."

 
لەبارەی ئەوەی بەر لە یارییەکە دەترسن؟ کارلۆ دەڵێت "ترس شتێکی ئاساییە، تاوەکو زیاتر بترسیت، دڵخۆشتر دەبیت ئەگەر بتوانیت سەرکەوتن بەدەستبهێنیت."
 
بۆرووسیا دۆرتموند دەیەوێت ئاڵنگاریی ئەوروپا تاقیبکاتەوە
 
یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی، لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت، ئەوان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە ئاڵنگارییەکی زەحمەت و ئاڵۆزدا تێپەڕین، کاتێک لەنێوان پاریس سانجێرمان، ئەیسی میلان و نیوکاسڵ توانیان پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیان ببەنەوە و دوای ئەوەش ئایندهۆڤن، ئاتلێتیکۆ مەدرید و پاریس سانجێرمانیان کردە دەرەوە و ئێستا خۆیان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا دەبیننەوە.
 
بۆرووسیا دۆرتموند، رۆژی هەینی گەیشتە لەندەن و ئێوارەیەکی درەنگ بە کاتی بەریتانیا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، ئەوان بەباشی خۆیان ئامادەکردووە و دەیانەوێت بیرەوەرییەکی جوانتریان لە یاریی کۆتایی 2013 هەبێت، لەکاتێکدا دوایینجار کە گەیشتنە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بە بایرن میونشنی هاونیشتمانیان دۆڕان و نازناوەکەیان لەدەستدا.
 
فێستیڤاڵن 27 ساڵە لە بردنەوەی نازناوەکەوە دوورە، یانەکە تەنیا یەکجار بووەتە پاڵەوانی ئەوروپا کە وەرزی 1996-1997 بووە و لەو کاتەوە نەچووەتەوە سەر ستەیجی بەرزکردنەوەی جامی گەورەترین پاڵەوانێتی یانەکانی ئەوروپا، زەردپۆشەکان ئەمشەو دەیانەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی ئەو هاندەرانە بهێنن کە بە هاندانە جوانەکەیان باشترینی جیهان ناویان دەهێنرێت.
 
ئێدین تەرزیچ بە رێزەوە رکابەری دەکات
 
ئێدین تەرزیچ، راهێنەرە لاوەکەی بۆرووسیا دۆرتموند، لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە قسەیکرد و گوتی "پێشتریش گوتوومە، رێزێکی زۆر لە کارلۆ ئەنچێلۆتی دەگرم، چونکە ئەو راهێنەرێکە تەنیا لە یانەیەک سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە، بەڵکو لە یانەی جیاواز و خولی جیاواز سەرکەوتوو بووە، کولتووری جیاوازی لە وڵاتی جیاوازدا بینیووە، پێویستە ئەو نموونەیەک بێت بۆ هەموو راهێنەرێکی گەنج، منیش هێشتا گەنجم، بۆیە بۆ من یەکێکە لە نموونەکان لە کارەکەمدا."
 
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا لە 6 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە، تەرزیچ لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێمە چێژر لەوە دەبینین، دوای ئەوە دەبێت هەلی زۆر بۆ گۆڵکردن دروستبکەیت و ئەگەر ئەوەت کرد بردنەوەی یارییەکان ئاسان دەبێت، ئێمە تیپێکین هەمیشە ئامادەین بۆ گۆڵ تۆمارکردن لەم قۆناخەدا."

 
ئێدین بە رۆژنامەڤانانی گوت "تیپی ئێستامان لەو تیپە جیاوازە کە مانگی 12 بینیتان، ئێمە ئامادەین بۆ رکابەریکردن، دەمانەوێت بەباشترین توانای خۆمانەوە دەربکەوین بۆ رکابەریکردن لە پێناو بردنەوەی نازناوەکەدا."
 
ئامارەکانی نێوان هەردوو یانە
 
هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی لە مێژوودا، 14 جار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، باڵادەستییەکە بۆ ریال مەدریدە و یانەکە 6 جار لە رکابەرە ئەڵمانییەکەی بردووەتەوە، بۆرووسیا دۆرتموند خاوەنی 3 بردنەوەیە.
 
5 یاریی نێوان هەردوو یانەکە بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، ریال مەدرید 24 گۆڵی تۆمارکردووە و بۆرووسیا دۆرتموند خاوەنی 19 گۆڵە.
 
یەکەم یاریی نێوان هەردوو یانە لە 1-4-1998 بوو کاتێک لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ 2-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
دوایین رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو تیپ لە 6-12-2017 بووە، کاتێک لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا یارییانکرد و ریال مەدرید لە بێرنابیۆ بە 3-2 سەرکەوتنی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند بەدەستهێنا.
 
کەس نایەوێت بە فرمێسکەوە ماڵئاوایی بکات
 
یاریی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بۆرووسیا دۆرتموند جگە لەوەی رکابەری دەبێت بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە، بۆ هەردوو یانەش رووداوێکی ناخۆشی تێدادەبێت، چونکە دوو ئەستێرە ماڵئاوایی دەکەن.
 
لە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید، تۆنی کرووس، ئەستێرە و ناوەڕاستکاری بەنێوبانگی ئەڵمانی، پێشتر بڕیارییداوە لە دوای یارییەکانی یۆرۆی 2024 بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، ئەمشەو یاریزانەکە دوایین یاریی خۆی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامدەدات، یانەکە و هاوڕێکانی دەیانەوێت جامی چامپیۆنزلیگ بکەنە جوانترین دیاری بۆ ماڵئاوایی ئەستێرە ئەڵمانییەکە.
 
کرووس لە 2014ـەوە لە ریال مەدرید یاریی دەکات، ئەو یەکێکە لە باشترین ناوەڕاستکارەکانی مێژووی یانەی شاهانە و دەیەوێت بردنەوەی چامپیۆنزلیگ جوانترین ماڵئاوایی ئەو بێت لە یانەی شاهانە و هاندەرانی.

 
لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموند، مارکۆ رۆیس، ئەستێرەی ئەڵمانی، ئەو یاریزانەی هەمووان بە یاریزانە بە وەفاکە بۆ دۆرتموند ناوی دەبەن، پێشتر یانەکەی رایگەیاندبوو گرێبەستەکەی نوێناکرێتەوە، ئەمشەو دوایین یاریی خۆی بەدرێسی دۆرتموندەوە ئەنجامدەدات و ئەویش چاوی لەوەیە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، ماڵئاواییەکی لەبیر نەکراو بێت بۆ ئەو.
 
رۆیس لە 2012ـەوە لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموند یاریی دەکات، دوای 12 ساڵ یارییکردن کۆتایی بە کاروانەکەی دێت لەو یانەیەدا، بەڵام هێشتا دیارنییە داهاتووی یاریزانەکە لە کام خول و یانە دەبێت.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە