ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. پاریس سانجێرمان سوورە لەسەر بەدیهێنانی خەونە کیشوەرییەکەی

01-05-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بۆرووسیا دۆرتموند پاریس سانجیرمان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەوڵێکی دیکەدا بۆ گەیشتنەوە بەو خەونەی دەیان ساڵە پاریس سانجێرمان کار بۆ کردنی بەڕاستی دەکات و لە وەرزێکی دیکەدا کە دەکرێ هەموو شت خزمەتی یانە پاریسییەکەی تێدا بکات، سانجێرمان تەنیا دوو یاریی خۆی دوور لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەبینێتەوە.
 
کەس ناتوانێ چاو لەو راستییە بپۆشێت کە سانجێرمان لە دە ساڵی رابردوودا، هەموو خەون و خەیاڵ و بیرکردنەوەی لای گەیشتن بە نازناوی چامپیۆنزلیگ بووە، لە دوای دەیانجار شکست و کەوتن و بێئومێدبوو، ئەمساڵیش بە راهێنەرێکی نوێوە تیپەکە، لەگەڵ خەونەکەدا لەسەرەتاوە دەستیپێکردەوە.
 
سانجێرمان لەپاش یەکلاکردنەوەی دوانزەیەمین نازناوی خولی نێوخۆی فەرەنسا لە بەرژەوەندی خۆی، ئومێدی زۆر لەسەر لویس ئینریکێ و ئەزموونی ئەو راهێنەرە هەڵدەچنێت، بۆ ئەوەی خەونە کیشوەرییەکەی بکاتە راستی. ئەو راهێنەرە پێشتر گووتویەتی، سانجێرمان توانای بردنەوەی هەموو نازناوەکانی ئەمساڵی هەیە.
 
ئینریکێ، دوای ماوەیەکی مشتومڕهەڵگر لە مامەڵەکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی تیپەکە و پاشان گەڕاندنەوەی و دەرکەوتنی تیپەکە بەتوانایەکی باشتر و کاریگەرترەوە، خۆی وەک سیمبولی سەرەکیی پڕۆژە پاریسییەکە و سوارچاکی بەڕاستیکردنی خەونی هاندەرەکانی دەبینێتەوە.
 
ئینریکێ، ئەگەرچی لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی وەرگرتووە، بەڵام توانیویەتی کۆدەنگییەک لەچواردەوری خۆی لە میدیاکانی فەرەنسادا دروستبکات و کارەکانی ئەو راهێنەرە، لە باشترکردنی ئاستی تیپەکە و کۆنترۆڵی ژووری جلگۆڕین و جێبەجێکردنی ستراتیجی بەفەرەنسیکردنی پێکهاتەی یانەکە، پەسنی پاریسییەکانی بەدەستهێناوە.
 
سانجێرمان ئەگەرچی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، لە دوا گەڕدا بلیتی پەڕینەوەی بۆ قۆناخی شانزە مسۆگەرکرد، بەڵام لە دوو یاریدا بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆند، سەرکەوتنێک و یەکسانبوونێکی هەبوو، ئەو ئەنجامانە وایانکردووە ئێستا گەشبینی هەبێت بەوەی تیپەکە ئەمجارە دەتوانێت بەسەر دۆرتمۆندا بەرەو لەندەن بۆ یاریی کۆتایی بپەڕێتەوە.
 
گۆنچالۆ رامۆس، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا گوتی "پێموایە ئێمە ئێستا تیپێکی باشترین لەوکاتەی رووبەڕووی ئەوان بووینەوە، چونکە زیاتر پێکەوە کارمانکردووە. کاتی زیاترمان هەبوو بۆ ئەوەی یەکدی بناسین. ئەوکات زۆر یاریزانی نوێمان هەبوو لە تیپەکەدا و پێشئەوەش ئێمە بەر لە دەستپێکردنی وەرز پێکەوە یارییمان نەکردبوو، بەڵام ئێستا وەک نیمچە خێزانێکین. کاتێک لە دووایینجاردا هاتینە ئێرە، ئێمە تیپەکەمان لە دۆخێکی باشدا نەبوو، بەڵام ئێستا هەموو شتێکی باشمان هەیە".
 
سانجێرمان دەکرێ لە یارییەکەدا پەنا بۆ ستراتیژی کەمترین زیان ببات بۆ ئەوەی خۆی لە هەڵچوون و گەرموگوڕیی دۆرتمۆند و هاندەرەکانی بپارێزێت و هەموو یەکلاکردنەوەیەک بۆ نێو یاریگەی خۆی لە هەفتەی داهاتوودا هەڵبگرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە