تێباس بۆ پێرێز: دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت

01-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی سوپەرلیگ خاڤیێر تێباس فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، جارێکی دیکە هەڵوەستەی لەسەر خولی سوپەرلیگ کردەوە و دووپاتیکردەوە، تۆپی پێی جیهان ناتوانێت ئەو هەڕەشەیە پشتگوێ بخات کە سوپەرلیگ دروستیکردووە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا ئێستا لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی کۆمەڵەی 'ئەی 22' دەکات، پاشئەوەی شێوازێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی خولی سوپەری ئەورووپی خستەڕوو.
 
سیستمە نوێیەکەی سوپەرلیگ، کۆی 96 یانەی بەشداری خولەکە بەسەر چوار ئاستدا دابەشدەکات، لە کاتێکدا بەشداریکردنیان لەسەر بنەمای ئاستی یانەکان، لە خولە نێوخۆییەکانیانەوە دەبێت.
 
یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم یۆفا، رازیبوونە بەپلانی خولەکە و سەرپشککردنی یانەکانە لە بەشداریکردن لەو خولە یان بەردەوامبوون لە چامپیۆنزلیگ.
 
خاڤیێر تێباس، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرایکردووە هەست بەدڵەڕاوکە دەکات لەبارەی خولەکەوە، چونکە بیرۆکەی 'بژاردە'بوونی تۆپی پێ پتەوتر دەکات، ئەوەش وەک ئەو دەڵێ، هەلی یەکسان لەبەردەم یانەکاندا ناهێڵێتەوە.
 
تێباس دەڵێ، "ئەوە پڕۆژەیەکی رژد نییە، بەڵکو ئەوان بەدوای هێنانەئارای ناسەقامگیری و نادڵنیایی لە تۆپی پێدا دەگەڕێن. ئێمە پێویستە لەسەرمان بەوریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، چونکە ژیانی رۆژانە کاتی زۆرمان لێدەبات و ئیدی لەناکاو کاتی زۆر بۆ بیرکردنەوەی قووڵ لەو بابەتە نامێنێتەوە، بۆیە دەبێ خولەکان بەڕاشکاوی قسە لەسەر دۆخەکە بکەن".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەوان دەیانەوێت تۆپی پێی ئەورووپا بشێوێنن، پێویستە لەسەرمان روونی بکەینەوە کە ئەوە پڕۆژەیەکی راست نییە، ئەگەر ئەوە نەکەین، هەندێک یانە باوەڕیان پێدەکەن، کێشە بەتەنیا رووکاری دەرەوەی پڕۆژەکە نییە، بەڵکو لە ناوەڕۆکدا خولەکە دەبێتە خولی دەستەبژێر".
 
تێباس هەروەها جارێکی دیکە دووپاتیکردووەتەوە کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید، لە پشتی پەردەوە کارەکانی سوپەرلیگ دەکات، ئەو دەڵێ، "من دڵنیام لەوەی هەوڵدەدەن گوشار لەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا دروست بکەن، بۆ رێکەوتن لەسەر خولەکە، بەڵام دەبێ ئێمە بایەخ بەوە نەدەین، چونکە تۆپی پێ پشتگیری ئەو پڕۆژەیە ناکات، ئەوان پێویستە داوای روونکردنەوە بکەن لەبارەی ئابووری و دەسەڵاتدارێتی لە پڕۆژەکەدا، ئەگەر ئەوەیان کرد، ئەوکات دەبێ پڕۆسەی دانوستاندن دەستپێبکات لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کە بەرژەوەندییان لە تۆپی پێدا هەیە".
 
سەرۆکی لالیگا هەروەها دەڵێ، "ئاگادارم کە 'ئەی 22' قسەیان لەگەڵ چەندین یانەدا کردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێک نەچوونەتە پێشەوە، ئەوەی هەیە ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت گوشار لەسەر یۆفا دروست بکەن".
 
ئەو هۆشداریی داوەتە فیفا و سەرپەرشتیارانی سوپەرلیگ و لەوبارەیەوە و دەڵێ، "فیفا هێشتا وەڵامی سکاڵای زۆربوونی یارییەکانی نەداوەتەوە، بەڵام ئەوە ئەگەری مانگرتنی یاریزانان دەهێنێتە پێشەوە و لە قۆناخێکدا، دەگەینە ئەوەی کە ئیدی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت، چونکە خەڵک بێزار دەبن و ئەوکات ناتوانین بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بین".
 
تێباس، پێشتریش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بیرۆکەی سوپەرلیگی رەتکردووەتەوە و دژایەتیی خۆی بۆ ئەو کارە نەشاردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە