رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵ هەنگاوێکی زۆر گرنگ لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ نزیکبووەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر برایتۆن بەدەستهێنا و رکابەرەکەشی یەکسانبوو.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی خولی ئینگلتەرا، ئارسیناڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی برایتۆن، لە سەرەتای یارییەکەدا بالێبا نزیکبوو گۆڵێکی جوان بۆ برایتۆن بکات، بەڵام گابریێل چووە شوێنی گۆڵپارێز و تۆپەکەی زۆربەباشی دوورخستەوە.
دوای ئەوە لە خولەکی 9 بوکایۆ ساکا لێدانێکی ئاراستەی گۆڵ کرد و هەمووان لە ئارسیناڵ ئاهەنگیان بۆ هەژاندنی تۆڕ گێڕا و گانەرز پێشکەوت.
دوای ئەم گۆڵە خاوەن یاریگە چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی ئارسیناڵ، بەڵام بەرگریکارانی یانە لەندەنییەکە لە رۆژی خۆیاندا بوون و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی ئەوان تەواو بوو.
لە نیوەی دووەمدا، ئارسیناڵ بە ئامانجی زیادکردنی ئەنجامی یارییەکە و برایتۆن بۆ یەکسانکردنەوە هێرشی زۆریان بردە سەر گۆڵی یەکدی، هەلی ئاسان لەلایەن هەردوولاوە لەدەستدران، بەڵام هیچ گۆڵێکی دیکە نەکرا.
ئارسیناڵ یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
ئەوەی چێژی ئەم بردنەوەیەی بۆ ئارسیناڵ زیاتر کرد، یەکسانبوونی مانچێستەر سیتی بووە لەگەڵ نۆتینگهام، کە بەهۆیەوە گانەرز بە جیاوازیی 7 خاڵ چووە پێش یانەکە و هەنگاوێکی گرنگ لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ نزیکبووەوە، هەرچەند یارییەکی زیاتری لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە.



