رووداو دیجیتاڵ
ئێنریکێ ریکێلمی، بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی یانەی ریال مەدرید، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا ناوی ئێرلینگ هالاندی وەکو بانگەشە بەکارهێنا و ئەوەش کێشەی بۆ یانەکە دروستکردووە.
ریکێلمی گوتی "ئەگەر ببمە سەرۆکی ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ هالاند دەکەم". ئەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری دروستکرد و هەر زوو باوکی یاریزانەکە هاتەسەرهێڵ و گوتی "ئەوەی روودەدات زۆر پێکەنیناوییە، بەڵام راست نییە. هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو بەربژێرەکان دەخوازین لە هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید".
مانچستەر سیتی بیر لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکاتەوە دوای بانگەشەکانی پەیوەندیکردنی هالاند بە ریال مەدرید
دوای ئەوەی تیمی بەڕێوەبردنی هالاند بانگەشەکانی "ئێنریکی ریکێلمێ"یان سەبارەت بە گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند بۆ ریال مەدرید رەتکردەوە، مانچستەر سیتیش هەمان هەڵوێستی وەرگرت.
مانچستەر سیتی رایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی لە ئیسپانیاوە سەبارەت بە داهاتووی ئێرلینگ هالاند بڵاوبوونەتەوە دوورن لە راستییەوە. هیچ هەلێک نییە بۆ ئەوەی ئەوە رووبدات و هیچ بڕگەیەکی گرێبەست نییە کە رێگە بەمە بدات".
هەروەها یانەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "ئێمە بیر لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکەینەوە بەهۆی بەکارهێنانی وێنەی یاریزانەکەمان لەم چوارچێوەیەدا".




