رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک بەدوای پێنجەم بردنەوەدا دەگەڕێت، کاتێک لە یاریگای خۆی بەرامبەر دیالە یاریی دەکات و هاندەرانی یانەکە دەتوانن لە یاریگا ئامادەبن.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 19:30 یانەی دهۆک لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی دیالە یاریی دەکات و دەیەوێت سوود لە هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و دوای یەکسانبوونی لە یاریی کلاسیکۆدا بگەڕێتەوە سەر رێگای راست.
دوای ئەوەی بڕیاردرا سزاکانی سەر هەردوو یانەی دهۆک و هەولێر بەهۆی رووداوەکانی کلاسیکۆوە بەکاتی رابگیرێن، هاندەرانی یانەی دهۆک دەتوانن لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ئامادەبن، لەکاتێکدا یانەکە بە یارییەک بەبێ ئامادەبوونی هاندەران سزادرابوو.
یانەی دهۆک ئێستا لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و خاوەنی 19 خاڵە، یانەی دیالە لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی خولەکە و 3 بردنەوەی لەم وەرزەی خولەکەدا هەیە.




