رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی یانەی هەولێر گەشتی کوێت بکات، بەمەبەستی ئەنجامدانی یارییەکەی بەرامبەر یانەی کازمه لە چامپیۆنزلیگی کەنداو.
یارییەکە رۆژی 25ـی ئەم مانگە لەنێو یاریگەی سەداقە و سەلام لە شاری کوێت بەڕێوەدەچێت، یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 6 خاڵ لە پلەی پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمە، بردنەوە لەو یارییەدا واتا پەڕینەوەی تیپەکە بەرەو قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
شاندی یانەی هەولێر نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کاژێر 3:00 بەفڕۆکە گەشتی شاری بەسرە دەکەن، دواتر بەپاس گەشتی کوێت دەکەن، تیپەکە دوای وەرگرتنی پشوو یەکەم یەکەی راهێنان ئەنجام دەدات.
سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە چاومان لە نووسینەوەی مێژوو و ئەنجامێکی گەورەیە لە چامپیۆنزلیگی کەنداو، دەمانەوێت نازناوەکە ببەینەوە، بۆ ئەوەش گڵۆپی سەوزم بۆ راهێنەر داگیرساندووە و پێمگوتووە لە مێرکاتۆی زستانە یاریزانی زۆر باشی بۆ دەهێنم".
یانەکانی کوردستان ئەزموونی زۆر باشیان لە چامپیۆنزلیگی کەنداو هەیە، یانەی دهۆک خاوەن نازناوە و وەرزی رابردووش زاخۆ لە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین ماڵئاواییکرد، ئەمساڵ ئیمپڕاتۆر چاوی لە نازناوەکەیە.
یانەی هەولێر خاوەن 4 نازناوی خولی عێراقە، دووجاریش گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئاسیا.





