رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا کە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە یانەی بارسێلۆنا، ڤیرجیل ڤان دایکی کاپتنی هۆڵەندیی یانەی لیڤەرپوولی کردووەتە ئامانج، ئەو یاریزانە لە لێدوانێکی نوێدا بە ناڕوونی باسی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکەی کرد، کە گومان لەبارەی بەردەوامبوونی لەگەڵ یانەکە دوای کۆتاییهاتنی وەرزی ئێستا هەیە.
ڤان دایک لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە داهاتووی خۆی گوتی "دەبینین دوای کۆتایی ئەم وەرزە چی روودەدات. هەر کەسێک بانگەشە بۆ ئەوە بکات کە دەزانێت وەرزی داهاتوو من چی دەکەم، ەاستگۆ نییە، چونکە تەنانەت خۆشم هێشتا نازانم چ بڕیارێک دەدەم".
بەرگریکارە هۆڵەندییەکە ئامژەی بەوە کرد کە گرنگترین ئامانجی ئێستای پاراستنی دۆخی جەستەیی و بەردەوامبوونە لە یاریکردن بۆ چەند ساڵێکی دیکە. ئەو جەختی کردەوە کە گەشتەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول گەشتێکی نایاب بووە و نزیکەی 10 ساڵی خایاندووە، هەروەها بەشێکی گەورەی ژیانی پێکهێناوە.
ڤان دایک ئاماژەی بەوەش کرد کە هەست بە سوپاسگوزاری دەکات بۆ هەموو ئەو ئەزموونانەی لەگەڵ یانەکەی هەبووە، لەکاتێکدا چارەنووسی پەیوەندی بە بارودۆخی گرێبەستەکەیەوە هەیە.
ئەو لەو بارەیەوە گوتی "ئەگەر گرێبەستەکەم درێژ بکرێتەوە، ئەوا دەبینین چی روودەدات، بەڵام ئەگەر ئەوە رووی نەدا، هاوینی داهاتوو ماڵئاوایی لە یانەکە دەکەم".
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی گرێبەستەکەی، ڤان دایک بووەتە جێی سەرنجی چەندین یانەی ئەورووپی، بە جۆرێک ئەگەری ئەوە هەیە هاوینی داهاتوو بەشێوەی گواستنەوەی ئازاد لیڤەرپوول جێبهێڵێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بارسێلۆنای ئیسپانی و میلانی ئیتاڵی چاودێری بارودۆخی کاپتنی لیڤەرپوول دەکەن، لەگەڵ بایەخپێدانی چەند یانەیەکی تورکیش، کە دیارترینیان ترابزۆن سپۆرە.
هەروەها راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە یانەکانی گاڵاتەسەرای و فەنەربەخچەی لە ریزی ئەو یانانەدان کە چاودێری بارودۆخی بەرگریکارە هۆڵەندییەکە دەکەن. جگە لەوەش، ئەگەری ئەوەش لەئارادایە کە یانە سعودییەکانی بێنە نێو ململانێی بەدەستهێنانی تواناکانی ڤان دایک، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەم یاریزانە و ئەگەری بەدەستهێنانی بەبێ بەرامبەر، ئەگەر گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول کۆتایی بێت.
لیڤەرپوول خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ کێبرکێکان دوای ماوەی وەستانی نێودەوڵەتی ئامادە دەکات، لەکاتێکدا بەرنامەیەکی پڕ لە یارییە گرنگەکانی خولی ئینگلیزی و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای لەپێشە.
یەکەم یاریی تیپەکە رۆژی یەکشەممە دەبێت، کاتێک لە یاریگای ئانفێڵد میوانداری مانچێستەر یونایتد دەکات، لە چوارچێوەی خولی ئینگلیزی.
دوای ئەوە، لیڤەرپوول رۆژی 25ـی نۆڤەمبەر لە چامپیۆنزلیگ، دەبێتە میوانی کڵەب بروجی بەلجیکی. پاشان رۆژی 29ـی هەمان مانگ لە یاریی دێربیی مێرسیسایددا رووبەڕووی ئێڤەرتۆن دەبێتەوە، پێش ئەوەی رۆژی 2ـی12ـی2026 میوانداریی ساندەرلاند بکات.
تاقیکردنەوە سەختەکان بە یاری لەگەڵ چێڵسی لە یاریگای ستامفۆرد بریدج رۆژی 5ـی12ـی2026 بەردەوام دەبن. پاشان لیڤەرپوول رۆژی 9ـی هەمان مانگ لە چامپیۆنزلیگدا میوانداریی پۆرتۆی پۆرتوگالی دەکات، دوای ئەوەش رۆژی 12ـی12ـی2026 لەگەڵ لیدز یونایتد و رۆژی 19ـی هەمان مانگ لەگەڵ تۆتێنهام یاری دەکات.
لیڤەرپوول لە پرێمەرلیگدا بە 18 خاڵ لە پلەی چوارەمدایە، کە تاوەکو ئێستا 10 یاری ئەنجام داوە؛ لەو یارییانەدا پێنج بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە سێ یارییدا یەکسان بووە و دوو یاریشی دۆڕاندووە.




