رووداو دیجیتاڵ
لە رکابەرییەکانی گەڕی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، کلاسیکۆی کوردستان لەنێوان دهۆک و هەولێر بە یەکسانبوون بە گۆڵێک کۆتاییهات، هاوکات زاخۆ و شورتە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
لەسەر یاریگای دهۆک و لە کلاسیکۆی کوردستاندا، بە ئامادەبوونی 36،475، هاندەر، دهۆک میوانداریی هەولێری کرد. لە گێمی یەکەمدا دهۆک باڵادەست بوو؛ سەرەتا سیابەند عەگید بە لێدانێکی بەهێز بەختی خۆی تاقیکردەوە و تۆپەکەی بەسەر ستووندا تێپەڕی، دواتریش یونس حەموود دووجار نزیک بوو لە گۆڵکردن، تاوەکو لە خولەکەکانی کۆتایی نیوەی یەکەمدا لە پاسێکی هونەریی یونس حەمود، یوسف ئیمام بە لێدانێکی بەهێز و بە سوودوەرگرتن لە هەڵەی حوسێن حەسەنی گۆڵپارێزی هەولێر، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ دهۆک تۆمارکرد و گێمی یەکەم بە پێشکەوتنی خاوەن یاریگا کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا، لوئەی سەڵاحی راهێنەری هەولێر ئیبراهیم بایشی کاپتنی هێنایە نێو یاریگا لە شوێنی عەلی سادق؛ بەمەش هەولێر ئاستێکی جیاوازی پێشکێش کرد و لە هێرشێکدا میولێن نزیک بوو لە گۆڵکردن بەڵام کومێل سەعدی رێگر بوو. گوشارەکانی هەولێر بەردەوام بوون تاوەکو کریستۆفەر جۆن بە سوودوەرگرتن لە هەڵەیەکی کومێل سەعدیی گۆڵپارێزی دهۆک، گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ هەولێر تۆمارکردەوە، بەمەش کلاسیکۆی کوردستان بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
هاوکات لە یارییەکی دیکەی بەهێزی هەمان گەڕدا، زاخۆ میوانداریی شورتەی. ئەحمەد یەحیا لە خولەکی 40 بە گۆڵێک شورتەی پێشخست، بەڵام زاخۆ لە گێمی دووەمدا ریزەکانیان رێکخستەوە و لە خولەکی 69 ئۆرینیۆ بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ زاخۆ تۆمارکرد تاوەکو یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییبێت.
بەم ئەنجامانە، هەردوو یانەی دهۆک و هەولێر لە پلەکانی هەشتەم و نۆیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق جێگیر بوون، هەروەها زاخۆ بەم یەکسانبوونە بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ ئێستا لە پلەی 15ـی ریزبەندی خولەکە دێت و هەروەها شورتە بە 25 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکە دێت.




