رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا یانەکانی ئیسپانیا پێویستیان بە تەواوی پاڵپشتییە بۆ کێبڕکێکردن لە چامپیۆنزلیگ، خاڤیێر تێباسی سەرۆکی دەستەی لالیگا بەهۆی بڕیارەکانی لەسەر خشتەی یارییەکان رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە، کە تێیدا یانەکانی ریال بێتیس، ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید باجێکی گەورەی کەمبوونەوەی کاتی پشوودان دەدەن.
تێباس بە بڕیارەکانی زیانێکی گەورە بە ریال بێتیس لە چامپیۆنزلیگ دەگەیەنێت؛ دەستەی لالیگا یاریی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال بێتیسی بۆ شەوی یەکشەممە 6ـی مانگی 12 لە کاژێر 21:00 دیاریکردووە، لە کاتێکدا بێتیس دەبێت رۆژی چوارشەممەی دواتر 9ـی مانگی 12 لە کاژێر 18:45 لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی ببێتەوە لەسەر یاریگای لاکارتۆخا لە شاری سێڤییا.
ئەم خشتەیە وادەکات لەنێوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لالیگا تاوەکو دەستپێکی یارییەکەی چامپیۆنزلیگ تەنیا 67 کاژێر و 45 خولەک لەبەردەم بێتیسدا بێت، کە ئەمەش کەمترە لە مەرجی 72 کاژێر پشوودان کە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی یاریزانانی پیشەگەر داوای دەکات و فیفاش پشتیوانی لێدەکات. لە بەرامبەردا، لە سێری ئا، بەرپرسانی خولەکە یاریی یانەی کۆمۆیان لە رۆژی شەممە لە کاژێر 15:00 داناوە، بەمەش یانە ئیتاڵییەکە بە 30 کاژێر پشووی زیاترەوە دەچێتە یاریگای بێتیس.
ئەم کێشەیە یانەی ریال مەدریدیش دەگرێتەوە کە رۆژی یەکشەممە لە بلباو بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو یاریدەکات بەر لەوەی چوارشەممە لە لەندەن یاریی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ ئەنجام بدات. شارەزایان رەخنە لەوە دەگرن کە یارییەکەی بێتیس و ئاتلێتیکۆ دەکرا بخرێتە رۆژی هەینی یان شەممە یان لانی کەم لە نیوەڕۆی یەکشەممەدا ئەنجام بدرێت، بەتایبەت کە ئەنجامی یانەی ریال بێتیس لە چامپیۆنزلیگدا گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ بەدەستهێنانی پێنجەمین کورسیی بەشداریکردنی یانەکانی ئیسپانیا لە پاڵەوانێتییەکەدا بۆ وەرزی داهاتوو.




