رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵدینیۆ گاوچۆ دی ئاسیس، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل دوای 11 ساڵ لە وازهێنانی لە یارییکردن، جارێکی دیکە گەڕایەوە و لە خولی پلە سێی ئیتاڵیا یاریی بۆ یانەی راڤێنا دەکات.
بەهۆی دەرکەوتنی رۆناڵدینیۆ بەدرێسی ئەو یانەیەوە، هەموو چاوەکان چوونە سەر ئەو یانەیە و یارییکردنی ئەستێرە بەرازیلییەکە کاردانەوەی زۆری گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە هەموو جیهان باس باسی گەڕانەوەی رۆناڵدینیۆیە بۆ نێو یاریگاکان، لەکاتێکدا تەمەنی 46 ساڵە.
رۆناڵدینیۆ، دوای ئەنجامدانی یەکەم یاریی بەدرێسی یانەی راڤێناوە لە پەیامێکدا گوتی "زۆر دڵخۆشم بە گەڕانەوە بۆ یارییکردن، چەند ساڵێک پشووم وەرگرت، بەڵام ئێستا کاتی گەڕانەوەیە. رۆژێکی زۆر سەرنجڕاکێش و جوان بوو لەگەڵ هاوڕێکانم و پڕبوونی یاریگا لە هاندەران منی دڵخۆشکرد."
رۆناڵدینیۆ دەڵێت "ئێوە دەزانن من چەند پێمخۆشە ئاڵنگاری نوێ تاقیبکەمەوە بۆ ئەوەی شتی جیاواز بکەم، بەتایبەت ئەوەی کە کەس نایکات، ئەمە وەکو ئەدرینالینە لە مندا هەیە، گەڕانەوە بۆ نێو یاریگا و یارییکردن بە تۆپم زۆر خۆشدەوێت و ئەمە بۆ من شتێکی زۆر تایبەتە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەستێرە بەرازیلییەکە سوپاسی هەمووان دەکات و گوتی "سوپاسی هەموو هاندەران دەکەم بۆ ئەم شەوە لەبیر نەکراوە، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی رێگای دووریان بڕی بۆ ئەوەی یارییەکی تۆپی پێی جوان ببینن."
رۆناڵدینیۆ لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا بەشێوەی سەرەکی یارییکرد و راڤێنا یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی فۆرلیی بردەوە، ئێستا یانەکەی رۆناڵدینیۆ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی پلە سێی ئیتاڵیایە.




