رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی پادڵی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی دەستبەکاربوو، و لە یەکەم چالاکیشدا پاڵەوانێتیی کوردستانی بۆ 48 یاریزان سازکرد.
پاڵەوانێتتیەکە هاوشێوەی پاڵەوانێتییە جیهانییەکان بوو لەڕووی یاسایی و شوێنی بەڕێوەچوونی، ئەمە هەنگاوی یەکەمە و فیدراسیۆنی پادڵی کوردستان دەیەوێت لە داهاتوودا یاریزانانی کوردستان بەرەو وڵاتانی دەرەوە ببات و هەنگاو بەرەو میوانداریکردنی یاریزانانی جیهانی بنێت.
پاڵەوانێتییەکەی پادڵ لە هەولێر بەڕێووەچووو، و 48 یاریزان بەشدارییان تێدا کرد.
داریان عەبدولقهاری یاریزانی پادڵ، کە نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "دڵخۆشم بەوەی دوای ساڵانێکی زۆر خزمەت بە یاریی تێنس، ئێستا لە پادڵ راهێنەر و یاریزانم و توانیم پێشەنگ بم، بێگومان خەونی من ئەوەیە بە ئاڵای کوردستان بچمە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان".
یاریی پادڵ هاوشێوەی یاریی تێنسە، بەڵام لە گۆڕەپانێکی بچووکتر و دەورە دراو بە شووشە ئەنجام دەدرێت، ئێستا لە شارەکانی کوردستان ئەو یارییە لەنێو توێژی گەنجان زۆر باوە.



