رووداو دیجیتاڵ
ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری بایرن میونشن بۆ یەکەمجار دوای تێکچوونی لەناکاوی باری تەندروستی، گەڕایەوە سەنتەری مەشق و راهێنانەکانی یانە باڤارییەکە.
یانەی بایرن میونشن لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، کۆمپانیی تەمەن 40 ساڵان بە شێوەیەکی باش بەرەو چاکبوونەوەی تەواوەتی هەنگاو دەنێت و گەڕاوەتەوە مەشقەکان، تاوەکو ئامادەکاری بکات بۆ وەرگرتنەوەی ئەرکی سەرپەرشتیکردنی یانەکە لەدوای تەواوبوونی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان.
هاوکات یانە ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە راهێنەرە بەلجیکییەکە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیی پزیشکی بەهۆی پێکانێکی دیکەی لە شانیدا.
لە ماوەی دوورکەوتنەوەی کۆمپانی بەهۆی نەخۆشکەوتنەکەیەوە، ئارۆن دانکسی یاریدەدەری ئەرکی سەرپەرشتیکردنی یانەکەی لەنێو یاریگادا گرتە ئەستۆ و توانی چوار سەرکەوتنی لەسەریەک لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەرامبەر یانەکانی فرایبۆرگ، ماگدێبۆرگ، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ماینز تۆماربکات.




