رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ دوایین یاریی لەژێر سەرپەرشتی تەڵاڵ بلووشی ئەنجامدەدات و ماڵئاوایی لە راهێنەرە قەتەرییەکە دەکات.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 13ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی کارەبا یاریی دەکات و یارییەکە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
ئەمە دوایین یاریی یانەی زاخۆیە لەژێر سەرپەرشتی تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری قەتەری و دوای ئەم یارییە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە بە رەزامەندیی هەردوولا هەڵدەوەشێنرێتەوە، هۆکارەکەشی نا جێگیری ئاستی یانەکە و خراپی ئەنجامەکانی زاخۆیە.
زاخۆ دوو رۆژە لە بەغدایە و ئامادەکاری بۆ ئەم یارییە دەکات، دەیەوێت بردنەوە تۆماربکات و قەرەبووی یەکسانبوونی یاریی رابردوویان بەرامبەر یانەی نەفت میسان بکەنەوە.
دوای گەڕانەوەی تەڵاڵ بلووشی بۆ راهێنەرایەتیکردنی زاخۆ، یانەکە 8 یاریی ئەنجامداوە و تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە، ئەمەش بە دڵی دەستەی کارگێڕی و هاندەرانی یانەکە نەبووە، بۆیە بڕیارییانداوە گرێبەستی راهێنەرە قەتەرییەکە هەڵبوەشێننەوە.
پێش ئەنجامدانی یارییەکە، بلووشی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "لە دوو یاریی رابردوودا بردنەوەیەک و یەکسانبوونێکمان هەیە، بەڵام یارییەکەمان بەرامبەر کارەبا ئاسان نابێت، بەتایبەت کە تیپێکی باشە و راهێنەرێکی نوێ و خاوەن بیرۆکەی باشی هەیە."
راهێنەری یانەی زاخۆ دەڵێت "ئامادەکاری باشمان کردووە، ئێمە کێشەی گۆڵکردنمان لە ماوەی رابردوودا هەبووە، بەڵام لە هێڵی هێرشبەریدا هەمیشە پێویستیت بە پلانی یەکەم و جێگرەوە هەیە، بۆ ئەوەی کاتێک لە گۆڵکردندا کێشەت بۆ دروستبوو لە باڵەکانەوە بتوانیت رێگای گۆڵکردن بدۆزیتەوە یان پشت بە هێرشبەری شاراوە ببەستیت، بەڵام ئەمە لە تیپەکەمدا بوونی نییە."
تەڵاڵ بلووشی بە رۆژنامەڤانانی گوت "زاخۆ خاوەنی پێگەیەکی جەماوەری گەورە، بەهێز و چێژبەخشە، پێویستی بە ماوەیەکی باش هەیە بۆ خۆ گونجاندن و هەموو یاریزانێک ناتوانێت لە زاخۆ سەرکەوتوو بێت، بۆیە پێموایە دەبێت راهێنەر بڕیار لە هەڵبژاردنی یاریزانەکان بدات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو سیستمە بگونجێن کە دایدەنێت."
زاخۆ پێش ئەنجامدانی یاریی بەرامبەر کارەبا، لە 12 گەڕی رابردوودا 3 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و 5 دۆڕانی هەیە و ئێستا لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
کارەبا لەم وەرزەدا تەنیا 1 بردنەوەی هەیە و 6 یاریی دۆڕاندووە، 5 جار یەکسانبووە و لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.




