رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر یارییەکی گرنگی هەیە و دەیەوێت لەسەر ئاستی دەرەوە هاندەرانی دڵخۆش بکات، کاتێک لە گەڕی سێیەمی جامی کەنداودا یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی کەنداو، یانەی هەولێر لەنێو یاریگای فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی کازمەی کوێتی دەکات و تیپەکە بەدوای بردنەوەدا دەگەڕێت.
یارییەکە کاژێر 20:00 بەڕێوەدەچێت، هەولێر شەوی سێشەممە دوایین ئامادەکارییەکانی لەسەر چیمەنی یاریگای فرانسۆ هەریری ئەنجامدا و تیپەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە بکات.
بلیتەکانی یارییەکە پرسیاری زۆری لەسەر بوو، بەتایبەت پێش ئەوەی نرخەکەی دیاری بکرێت، هاندەران لە گرانیی نرخەکەی ناڕازی بوون، بەڵام یانەی هەولێر بڕیارییدا بلیتی ئاسایی یارییەکە بەرامبەر 5 هەزار دینار بفرۆشێت و بلیتی ڤی ئای پی 15 هەزار دینار بێت.
جێماو کاڕەش، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بە رووداو سپۆرتسی گوت "لە 16 هەزار هاندەر زیاتر ناتوانن لە یاریگادا ئامادەبن، بۆیە داوای لێبوردن لە هاندەرانمان دەکەین، ئەگەر شوێنی هەمووان نەبێتەوە، بۆیە داوادەکەین هاوکاریی یانەکە بکەن، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هیچ سزایەک نەبینەوە و ئەوانەی ناتوانن لە یاریگا ئامادەبن، با لە شوێنە گشتییەکان یان ماڵەوە سەیری یارییەکە بکەن."
هەولێر بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا یاریی نەکرد و یانەی ئیتیفاق بۆ یارییەکەی نەهاتە هەولێر.
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانە کوردستانییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکە گوتی "ئێمە لە سەرجەم یارییەکان ئاستێکی باشمان پێشکەش دەکرد جگە لە یاریی بەرامبەر زاخۆ، بەڵام ئامانجەکەمان نەدەپێکا پێویستیمان بەوەیە کە ئامانجەکانی یانەکە بەدەستبهێنین، چونکە ئێمە لە کاتێکی زۆر قورسدا هاتین کە کاتێک بوو ئێمە یاریزانمان هەڵندەبژارد ئەوان ئێمەیان هەڵدەبژارد."
لوئەی زیاتر گوتی "دەزانم ئامانجی کارگێڕیی و هاندەرانی هەولێر بەرزە. بەڵام ئێمە ئامادە نەبووین بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، چونکە لە کاتێکی سەختدا بووین. بەڵام ئێستا بەپێی کات هەڵەکان دەردەکەون و لەسەرمانە ئەو هەڵانە چارەسەر بکەین
بۆیە دڵنیام کە لە یارییەکەدا زۆر باشتر دەبین."
جگە لە هومام تارق و مستەفا قابیل، کە پێکانیان هەیە سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی یانەی هەولێر ئامادەن و تیپەکە دەیەوێت بەبردنەوە هاندەرانی دڵخۆش بکات.
یانەی کازمەی کوێتی، سێ رۆژە لە هەولێر مەشق و راهێنان دەکات و ئامادەکارییەکی باشی کردووە بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت و بە دڵخۆشییەوە بگەڕێتەوە کوێت، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
کازمە دوو یاریی لە جامی کەنداو، بەرامبەر هەردوو یانەی ئیتیفاقی سعودی و عەجمانی ئیماراتی ئەنجامداوە و هەردوو یارییەکەی دۆڕاندووە، بۆیە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدوای ئەنجامێکی باشتر لەو دوو یارییەدا دەگەڕێت و دەیەوێت قەرەبووی ئەو دوو دۆڕانەی بکاتەوە.
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو سپۆرتس لە هەولێر رایگەیاند، هاندەرانی یانەی هەولێر ئامادەکارییەکی زۆریان بۆ ئەم یارییە کردووە و دەیانەوێت بە جوانترین شێوە و بەبەرزکردنەوەی تیفۆی سەرنجڕاکێش دیمەنێکی جوانی هاندان لە یارییەکەدا پێشانی هەمووان بدەن.




