رووداو دیجیتاڵ
یاسایەکی سەیر و سەمەرە رێگری دەکات لە سڕکردنی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی ئینتەرمەیامی، سەرەڕای ئەوەی پێنج کارتی زەردی وەرگرتووە.
لیۆنێل مێسی کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی دەتوانێت لە یارییەکەی یەکشەممەی تیپەکەی بەرامبەر نیو ئینگلاند ڤۆلۆشن لە چوارچێوەی یارییەکانی MLS یاری بکات، سەرەڕای ئەوەی پێنجەم کارتی زەردی ئەم وەرزەی وەرگرت.
ئەستێرەی تەمەن 39 ساڵی ئەرجەنتینی لە خولەکی 42 له یارییەکەی ئینتەرمەیامی بەرامبەر سینسیناتی له یاریگای خۆیاندا، کارتی زەردی وەرگرت.
مێسی دوای وەرگرتنی کارتەکە، بە شڵەژاوی دەرکەوت، کاتێک لە ناوبژیوان نزیک بووەوە دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ساموێل گێدی یاریزانی یانەی سینسیناتی.
ئەمە پێنجەمین کارتی زەردی مێسی بوو لەم وەرزەدا وەریبگرێت، کە لەڕووی تیۆرییەوە دەبووە هۆی سڕکردنی لە یەک یاریی خولەکەدا، بەڵام کاپتنی ئینتەرمەیامی بەهۆی یاسای 'هەڵسوکەوتی باش' کە لە خولی MLS پەیڕەو دەکرێت دەتوانێت یاری بکات.
لە یاساکەدا هاتووە کە یەک کارتی زەرد لەکۆی گشتی کەڵەکەبووی کارتەکانی یاریزانێک دەبڕدرێت ئەگەر پێنج یاری لەسەریەک لە خولەکاندا بچێتە دەرەوە بەبێ ئەوەی کارتی زەرد وەربگرێت.
رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بڵاویکردەوە، مێسی لە قۆناخەکانی 8 و 11 و 20 و 31 و 33 کارتە زەردەکانی وەرگرتووە، ماوەی نێوانیان بەس بووە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، لە ئەنجامدا دوو کارت لەکۆی گشتی 5 کارتە زەردەکەدا رەش دەکرێنەوە.
هەرچەندە پێنج کارتە زەردەکە لە ریکۆردی دیسپلینییەکەیدا ماونەتەوە، بەڵام هەموویان بۆ ئاستی سزادانی یاریزانان هەژمار ناکرێن، بەمەش تەنیا سێ کارتی زەردی دەمێنێتەوە، ئەمەش دڵنیایی دەدات لە ئامادەبوونی بۆ دوایین دوو یاریی ئینتەرمەیامی لە وەرزی ئاساییدا.




