رووداو دیجیتاڵ
یانەی مێردین سپۆری باکووری کوردستان چاوی لە بەرزکردنەوەی ژمارەی خاڵەکانیەتی، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئیستەنبوڵ سپۆر یاریی دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 13ـی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 16:00 یانەی مێردین سپۆر، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی ئیستەنبوڵ سپۆر یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکەیە بۆ ئەوەی بگاتە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە.
مێردین سپۆر لە پێنج یاریی رابردوودا سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لەم وەرزەدا لە کۆی 12 یارییدا 6 یاریی بردووەتەوە، سێجار یەکسانبووە و سێ یاریی دۆڕاندووە.
ئیستەنبوڵ سپۆر ئەنجامەکانی لە خولی پلە یەکی تورکیا خراپن، یانەکە لە 12 گەڕدا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، 9 یاریی دۆڕاندووە و لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندی خولەکەیە.
مێردین سپۆر سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات، چاوی لەوەیە سوود لە خراپیی رکابەرەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوە تۆماربکات.
مێردین سپۆر بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ، ژمارەی خاڵەکانی بۆ 24 خاڵ بەرزدەکاتەوە و دەچێتە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا.




