رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی چینی لەدەستدا، پاشئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، گاڵتەی بە ماو تسی تۆنگی، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە کرد.
گرتە ڤیدیۆییەکەی ئێمباپێ، رووبەڕووی رەخنەی زۆری چینییەکان و هێرشی بەرفراوانی ئەوان بووەوە، تۆمەتبارکرا بەوەی کە سنوورەکانی رێزگرتن لە هەستی نەتەوەیی و مێژوویی تێپەڕاندووە.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، هەردوو کۆمپانیای 'دۆنگینگ'ی بەرهەمهێنەری خواردنەوەکان و 'منگنیو' کە بەروبوومی ئاژەڵ بەرهەم دەهێنێت، رایانگەیاندووە، کارکردنیان لەگەڵ ئێمباپێ کۆتایی پێهێناوە، وەک وەڵام بەرامبەر لێدوانی ئەو یاریزانە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا، کە لە چین مشتومڕی زۆری ناوەتەوە.
کۆمپانیای 'دۆنگینگ' لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دەڵێ، هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە رەتدەکەینەوە کە هەستی نیشتمانیمان بریندار دەکەن.
هەروەها دووپاتیکردووەتەوە، سیاسەتی لێنەبوردن بەرامبەر ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە پەیڕەو دەکات، بەرلەوەی رایبگەیەنێت کە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی، لەگەڵ هێرشبەرە فەرەنسییەکە پچڕاندووە.
دوای ماوەیەکی کورت لە بڵاوکراوەکەی ئەو کۆمپانیایە، بەهەمان شێوە کۆمپانیای 'منگنیو' لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، هەمان هەڵوێستی دەربڕی.
سەرەتای کێشەکە بۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئێمباپێ دەگەڕێتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە و باسی ئەو وێنانە دەکات کە لە ئینتەرنێت بینیونی و بوونەتە مایەی پێکەنینی زۆر بۆی. ئەو ئاماژەی بە وێنەیەکی دروستکراو داوە کە رووخساری شاردراوەتەوە، بەڵام کیلیان دەڵێ، "ئەمە وێنەی دیکتاتۆرێکی چینییە"، چینییەکان دەڵێن، ئێمباپێ مەبەستی ماو تسی تونگە.
ئێمباپێ لە چین گەلویستییەکی زۆری هەیە، بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە بینەری یارییەکانی تۆپی پێن، ئەگەرچی هەڵبژاردەی تۆپی پێی چین، لە مێژووی خۆیدا تەنیا یەکجار و لە ساڵی 2002 بەشداری لە مۆندیالدا کردووە.
هەواڵی کۆتایی پێهێنانی رێکەوتنی ئەو کۆمپانیا چینییانە لەگەڵ ئێمباپێ، لە سۆشیال میدیای چین، زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێک داوای لێپێچینەوەی یاسایی لەو یاریزانە دەکەن و داوای قەرەبووی لێدەکەن.
جیا لە سۆشیال میدیا، ماڵپەر و دامەزراوە وەرزشییە میدیاییەکانی چین، بەهەمان شێوە رەخنەی زۆریان ئاراستەی کارەکەی ئێمباپێ کردووە، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا، ئەو یاریزانە هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.




