رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە یارییەکانی گەڕی یازدەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن، یانەی زاخۆ و یانەی هەولێر یاریی دێربیی کوردستان ئەنجام دەدەن.
یانەی هەولێر لە دوو یاریی رابردوویدا ئاستی باش نەبووە، بەرامبەر یانەی نەفتی میسان یەکسانبوو بە گۆڵێک و لەگەڵ موسڵ شکستی هێنا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر، نیگەرانییەکانی هەولێر زۆرن و کار گەیشتە ئەوەی لوئەی سەڵاح هەڵوێستێکی تووند بەرامبەر بە دەستەی کارگێڕیی یانەکە وەربگرێت و دەستلەکارکێشانەوەی لە کارەکەی راگەیاند.
سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتسی ئاشکراکرد "شەوی رابردوو تاوەکو درەنگانی شەو لەگەڵ لوئەی سەڵاح قسەم کردووە و ئەو راهێنەرمانە و ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە مەشقەکانی یانەی هەولێر، هەموو شتێک زۆر باشە و داواکارییەکانی جێبەجێ دەکەم".
هەرچی یانەی زاخۆیە حاڵی زۆر خراپە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە تیپێکی زەبەلاحی ملیاریییە، کەچی هاندەرانی تامەزرۆی بردنەوەن، سەرۆکی یانەی زاخۆ لە بەرامبەر ئەنجامە خراپەکانی تیپەکەی سزای ماددی یاریزانانی دا.
یانەی هەولێر خاوەن 18 لە پلەی چوارەمی ریزبەندییە، یانەی زاخۆ 9 خاڵی هەیە لە پلەی پازدەی ریزبەندییە.
ئیمپڕاتۆر سبەی چوارشەممە گەشتی زاخۆ دەکات، لەسەر راسپاردەی دەستەی راهێنان تیپەکەی ئەمڕۆ تیپەکە مەشقەکانی دوور لە چاوی کامێراکان و بەداخراوی ئەنجامدەدات، هەموو یاریزانەکان لە ئامادەباشیدان و ئیبراهیم بایش ئەستێرەی تیپەکە ئامادەیە، تەنیا هومام تاریق بەهۆی پێکان ناتوانێت یاریی بۆ درێس زەردەکان بکات.


