رووداو دیجیتاڵ
وادیارە گەشتی دوو کوڕەکەی ئیکەر کاسیاس و سارا کاربۆنیـرۆ لە ئەکادیمیای ریال مەدرید کۆتایی هاتووە؛ چونکە گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەتووڕەیی بڕیاری دا مارتین و لوکاس، کە هەردووکیان وەک باوکیان لە پێگەی گۆڵپارێزدا یاری دەکەن، لە ئەکادیمیای 'لا فابریکا' دەربهێنێت، دوای ئەوەی دوو ساڵیان لە ئەکادیمیای یانەی شاهانەدا بەسەربرد.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، ئەم بڕیارەی لەناکاوەی کاسیاس بەهۆی لەدەستدانی رۆڵی دیاری مارتین، کوڕە گەورەکەی هاتووەتە ئاراوە. هەروەها بانگهێشت نەکردنی هیچ کام لە دوو کوڕەکە بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتی Futures لە شاری ئۆرلاندۆ، پاڵنەرێکی دیکەی ئەم بڕیارەی کاپتن و گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید بووە.
بەم هەنگاوەش، کاسیاس بڕیارێکی گرنگی داوە، کە ریال مەدریدیش ئاگاداری بووە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە مارتین، کە تەمەنی 12 ساڵە و لوکاس، کە تەمەنی 10 ساڵە، ریال مەدرید جێدەهێڵن و دەچنە ئەکادیمیای لێگانێس، ب ئامانجی بەدەستهێنانی پڕۆژەیەکی پەروەردەیی و راهێنانی گونجاوتر بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنیان.
هەردوو براکە پێشتر دەستیان بە یاریکردن لە یانەی بۆزویلو کردبوو، پاشان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئەکادیمیای ریال مەدرید راهێنانیان کرد.
بڕیاری جێهێشتنی ریال مەدرید بەڕەزامەندی هەردوو کوڕەکە و بەڕێککەوتن لەگەڵ خێزانەکەیان دراوە.
مارتین پێشتر لە کاتی بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتی جیهانی تەمەن خوار 12 ساڵدا سەرنجی زۆری راکێشابوو، لە کاتێکدا لوکاسیش بە گەڕاندنەوەی چەندین لێدانی سزا لە بەرامبەر بارسێلۆنا، توانای خۆی نیشان دابوو.




