رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان تووشی شکست هاتن و بە هەمان ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەکانی جۆلان و نەفتی میسان دۆڕان.
لە یاریی یەکەمدا کە رۆژی 17ـی مانگی 10ـی 2026 بەڕێوەچوو، یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی جۆلان بووەوە؛ خاوەن یاریگە لە خولەکی 16 لە رێگەی حەمزە عەدنانەوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، لە کاتێکدا یاریزانانی دهۆک هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەیان دەدا، عومەر عەبد لە خولەکی 90 گۆڵی دووەمی بۆ جۆلان تۆمارکرد و یارییەکە بە دۆڕانی دهۆک بە ئەنجامی 0-2 کۆتاییهات.
لە رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەدا، یانەی زاخۆ لە بەغدا بووە میوانی یانەی نەفتی میسان و تاوەکو خولەکەکانی کۆتایی پارێزگاری لە یەکسانبوون کرد، بەڵام لە دە خولەکی کۆتاییدا کایلی بۆنفیم هێرشبەری یانەی نەفتی میسان لە خولەکی 83 گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 90 گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکە 2-0 لە بەرژەوەندی یانەی خاوەن ماڵ کۆتاییهات.
بەم دوو شکستە، یانەی دهۆک بە 12 خاڵ لە پلەی یازدەهەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق جێگیر بوو، هەروەها یانەی زاخۆش بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی سێزدەهەمی خولەکەدا مایەوە.




