رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ریال مەدرید دەڵێت "بەهێزەوە دەگەڕێمەوە، کاتی راگەیاندنی سزاکەم زۆر سەیربوو و بیرم نییە دوایینجار کەی یاریزانێک بە 4 یاریی سزادراوە."
ڤینیسیۆس دوای بردنەوەیان لە رۆما لە چامپیۆنزلیگدا قسەی بۆ رۆژنامەڤان کرد و لەبارەی ئەوەی دوای گۆڕانکاریکردنەکەی بە تووڕەییەوە دەرکەوت گوتی "شتێکی ئاساییە تووڕە ببی، کاتێک گۆڕانکاریت پێدەکرێت، چونکە هەمیشە دەتەوێت باشترین پێشکێش بکەیت و هاوکاریی تیپەکەت بکەیت، گۆڕانکارییەکان تیپ دەگۆڕن، ئێندریک دینامیکییەتی تیپەکەی گۆڕی و باشتر بوو، کارلۆس چەند خولەکێک یارییکرد و گۆڵی تۆمارکرد."
ڤینی زیاتر گوتی "من لە خۆم تووڕە بووم، چونکە ئەمە باشترین ئاستی من نییە، لە کۆتاییدا ڤینی دەگەڕێتەوە و هیچ گومانێکم لەوەدا نییە."
ڤینیسیۆس لەبارەی سزای راگرتنی بۆ 4 یاریی قسەیکرد و گوتی "پێموانییە بیرم بێت یاریزانێک بۆ 4 یاریی راگیرابێت، پێموایە سزاکە لەکاتێکی زۆر سەیردا راگەیێنرا، تەواوی رۆژەکەیان لەبەردەم بوو بۆ راگەیاندنی، بەڵام کاتێک گەیشتمە یاریگا بەبڕیارەکەم زانی، یاساکە نوێیە و زۆرینەی جارەکان بەرپرسانی لالیگا دێن بۆ ئەوەی دۆخەکە روون بکەنەوە، بەڵام بۆ من ئەوە نەکراوە، من هەرگیز لە یاریزانێکم نەداوە و ئەوانن کە هێرشم دەکەنە سەر، بەڵام لە کۆتاییدا من کارتەکەم پێدەدرێت."
هێرشبەرە بەرازیلییەکە زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "کاتێک لە تەمەنی 18 ساڵیدا هاتمە ئێرە، خەڵک پێم پێدەکەنین و دەیانگوت هیچ گۆڵێک تۆمار ناکات، بەڵام ئێستا زیاتر لە 100 گۆڵم کردووە و زۆر شتم لەگەڵ ئەم یانەیە بردووەتەوە کە پێویست بە ژماردنیان ناکات."
لەبارەی فیکەی هاندەرانەوە، ڤینی گوتی "بەدڵنیاییەوە فیکە لێدانەکە یارمەتیم نادەن، بەڵام خەڵک پارەی بلیتی یاریی دەدەن بۆ ئەوەی ئێمە باشتر یاریی بکەین، ئێمە باشترین یاریی دەکەین کاتێک هاندەرانمان لەگەڵە، جود باشتر یاریی دەکات، ئێمباپێ باشتر یاریی دەکات و منیش باشتر یاریی دەکەم، بۆیە پێموایە ئاسانە کە فیکە لێدەدەن، چونکە ماوەیەکی درێژە لێرەم و یەکێکم لە کاپتنەکانی تیپەکە."




