رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەپێی پلانێکی تایبەت کار لەسەر گەڕاندنەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بۆ ئاستی بەرزی پێشووی دەکات.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، پلانەکەی مۆرینیۆ تەنیا لایەنی هونەری و مەشق ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەی وەک خووە رۆژانەکانی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ماوەی پشوو و سازاندنەوە دەگرێتەوە.
ڤینیسیۆس لەدوای دەستپێکردنەوەی رکابەرییەکانی وەرزی نوێوە، ئاستێکی باش پێشان نادات و رووبەڕووی رەخنەی زۆری میدیاکان و هاندەرانی ریال مەدرید بووەتەوە.
ئەو یاریزانە لە یاریگادا ناکاریگەر دەردەکەوێت و ژمارەی گۆڵەکانی زۆر کەمیان کردووە، ئەوە وایکردووە سپێشەڵ وەن، پەنا بۆ پلانێکی تایبەت ببات، لەپێناو زیندووکردنەوەی تواناکانی ئەو یاریزانە.
رۆژنامەی 'ئێل مۆندۆ'ی ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، بەشێک لە ستراتیجی مامەڵەی مۆرینیۆ لەگەڵ ڤینی، لەمیانی یارییەکەی ڤیاڕیالدا دەرکەوت، کاتێک لەدوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەم لەلایەن ڤینییەوە، مۆرینیۆ چووە ناو یاریگا و پشتگیریی کرد و لەگەڵیدا ئاهەنگی گێڕا.
ئاهەنگ و خۆشییەکە زۆری نەخایاند، پاشئەوەی ناوبژیوان گۆڵەکەی رەتکردەوە و ڤینیشی بەکارتی سوور کردە دەرەوە، بەهۆی راکێشانی پرچی ناسان سالیبای یاریزانی ڤیاڕیال.
وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ئەگەرچی سیناریۆی یارییەکەی ڤیاڕیال پێچەوانە کەوتەوە، بەڵام هەڵسوکەوتی مۆرینیۆ لەگەڵ ڤینی، دەریخست ئەو راهێنەرە سوورە لەسەر هاوکاریکردنی یاریزانەکەی، لەپێناو بەدەستهێنانەوەی ئەو درەوشانەوەیەی پێشتر هەیبوو.
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، ئەوەی یارییەکەی ڤیاڕیال بەشێکی لایەنە دیارەکەی پلانەکەی مۆرینیۆ بووە، لایەنە شاراوەکە ئەوەیە کە مۆرینیۆ لەسەرەتای گەڕانەوەیەوە بۆ ریال مەدرید، بەبەردەوامی چەنین دانیشتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤینی هەبووە، پشتگیریی کردووە و هانیداوە بۆ ئەوەی قۆناخەکە تێپەڕێنێت و ئاستی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، لەبەرئەوەی ڤینی و مۆ پۆرتوگالی دەزانن، لێکتێگەیشتنی نێوانیان ئاسانە و بەزوویی هاوئاهەنگی دروستدەبێت و زووش لە بیرۆکەکانی یەکدی تێدەگەن.
وەک 'ئێل مۆندۆ' گوتویەتی، مۆرینیۆ داوای لە ڤینیسیۆس کردووە، رۆتینی رۆژانەی خۆی بگۆڕێت، سەرنج بخاتە سەر لایەنی پشوو و شیاندنەوەی جەستەی لە دەرەوەی یاریگا.
مۆرینیۆ پێیوابووە کە مانەوەی ڤینی لە ڤاڵدێبێباس لە دوای مەشقە رۆژانەکانی تیپەکە و نەڕۆیشتنەوەی ڤینی بۆ ماڵەوە، کارێکە دەکرێ باشتر بکرێت و پێویستی بەگۆڕانکارییە.
گۆڕانکاریی رۆتینەکە، بە رێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی دەستەی مەشقدانی ریال مەدرید، تواناسازانی جەستەیی، لەگەڵ راهێنەرە کەسییەکانی ڤینیدا کراوە، ئەمەش هاوکاتبووە لەگەڵ رازیبوونی ڤینی بۆ گۆڕینی بەشێک لە خووە رۆژانەکانی، لەپێناو بەدەستهێنانەوەی وزە و زیندووێتی لە نێو یاریگادا.
مۆرینیۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانیشدا بەردەوام پشتگیری لە ڤینیسیۆس دەکات و دەڵێ، جێگای دڵتەنگیمە کە بەهرەمەندێکی گەورەی وەکئەو، بەپێی پێویست هاوکاریی ناکرێت و هاندەران پشتی ناگرن.
هەوڵەکانی مۆرینیۆ لەگەڵ ڤینی، لە کاتێکدایە کە یانەی ریال مەدرید هاوینی ئەمساڵ گرێبەستی ئەو یاریزانەی نوێکردەوە و بەوەش یاریزانێکە لەلایەن کارگێڕیی یانەکەیەوە، جارێکی دیکە متمانەی پێدراوەتەوە.
بەڵام وەک ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، هەموو کارەکان پەیوەستن بەوەوە، ڤینی چەند دەتوانێت خۆی هاوکاریی خۆی بکات و بگاتەوە ئاستە باشەکەی پێشووی، چونکە ئەگەر ئەوە بەزوویی روونەدات، داهاتووی لە یانەکە، دەکەوێتە ژێر گومانی زۆرەوە.



