رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی یارییەکی لووتکە لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامدەدات و لەنێو یاریگا و هاندەرانی میوانداری پاڵەوانی دوو وەرزی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگ لە قۆناخی خولدا، کاژێر 22:00 یانەی مانچێستەر سیتی لە ئیتیحاد میوانداریی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ دەکات و ئەمە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی ئەم گەڕەی چامپیۆنزلیگ.
رۆژی سێشەممە سیتی لەژێر سەرپەرشتی ئێنزۆ مارێسکا، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکە لە کاتێکدا یارییەکە دەکات کە لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی گوشارێکی زۆر گەورە بووەتەوە، بەهۆی ئەو تومەتانەی لەبارەی گەندەڵیی داراییەوە دراونەتە پاڵ یانەکە.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، ئەمشەو دوای وازهێنانی لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە، پێپ گواردیۆلا دەگەڕێتەوە یاریگای ئیتیحاد بۆ سەیرکردنی یارییەکە.
مانچێستەر سیتی لە یاریی یەکەمیدا لە چامپیۆنزلیگدا سەرکەوتنی بەرامبەر پۆرتۆ بەدەستهێناوە، لە پرێمەرلیگدا شەش یاریی بەدوای یەکدا بردووەتەوە و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
یانەی پاریس سانجێرمان لە دۆخێکی ناجێگیردا بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریی دەکات و دەیەوێت نیگەرانیی هاندەرانی بڕەوێنێتەوە.
پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، سەرەڕای ئەوەی لە یاریی یەکەمیدا لە چامپیۆنزلیگدا شەش گۆڵی بەرامبەر سلۆڤان براتیسلاڤا تۆمارکرد، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین و تیپەکە لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولی فەرەنسایە، بۆیە دەیەوێت لە رێگەی ئەم یارییەوە دڵنیایی لە ئاستی یانەکە بداتە هاندەرانی.
پاریس سانجێرمان شەوی سێشەممە دوایین ئامادەکارییەکانی لەسەر چیمەنی یاریگای ئیتیحاد ئەنجامدا، تیپەکەی لویس ئێنریکێ بۆ رووبەڕووبوونەوە بەهێزەکەی ئەورووپا ئامادەیە.
سەرجەم یاریزانەکانی پاریس سانجێرمان بۆ یارییەکە ئامادەن و لویس ئێنریکێ چاوی لە دووەم بردنەوەی لەسەریەکە لە چامپیۆنزلیگدا.
لە هەشت یاریی نێوان هەردوو یانەدا، پاریس سانجێرمان هیچ یارییەکی لە دەرەوەی یاریگای خۆی نەبردووەتەوە، دوو یاریی بردووەتەوە، 4 جار دۆڕاوە و لە دوو یارییدا هەردوو تیپ یەکسانبوون.



