رووداو دیجیتاڵ
دوای 11 ساڵ یانەی هەولێر جارێکی دیکە لەسەر ئاستی دەرەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکدا دەکات و لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی جامی کەنداو بۆ یانەکان بەرامبەر یانەی عەجمانی ئیماراتی یاریی دەکات.
یارییەکە کاژێر 20:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکان، لە کۆمەڵەی سێیەم لە عەجمانی ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
یانەی هەولێر لە دوای ساڵی 2015 یەکەمجارە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەی عێراق دەکات و ئامادەکارییەکی باشی کردووە بۆ ئەوەی لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە دەرەوەی یاریگای ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
شاندی یانەی هەولێر دوو رۆژە لە ئیماراتە، دوو یەکەی مەشق و راهێنانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامداوە، تیپەکە سەرەڕای ئەوەی لە تواناکانی سێ یاریزانی بێبەش دەبێت، بەڵام بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە.
هەریەکە لە هومام تاریق، بەهۆی پێکانەوە، هینک ئینۆنگا باکا، بەهۆی ئەوەی ڤیزای پێنەدرا و ئیبراهیم بایش، بەهۆی نەگەڕانەوە بۆ نێو پێکهاتەی تیپەکە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
مەحموود عەزیز، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر لە ئیمارات بە رووداو سپۆرتسی گوت "هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی تیپەکە لە باشترین دۆخدا بۆ یارییەکە ئامادەبێت، سەرەڕای ئەوەی کەشوهەوا بۆ مەشقکردنی یاریزانەکان بەهۆی بەرزی رێژەی شێوە لەبار نەبوو، بەڵام تیپەکە ئامادەکارییەکی باشی کردووە و بۆ یارییەکە ئامادەیە."
لەبارەی نەگەڕانەوەی ئیبراهیم بایشەوە، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەکە دەڵێت "کەس لە یانەی هەولێر گەورەتر نییە، یاریزانەکە لە جامی کەنداو تووشی پێکانبووە، دوای ئەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ یانەی هەولێر، ئێمە داوامان لێیکردووە راپۆرتە پزیشکییەکانی بهێنێت و لەسەر ئەنجامی راپۆرتەکان بڕیاردەدەین چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەین."
مەحموود عەزیز لە رێگای رووداو سپۆرتسەوە رەتیکردەوە، بابەتی نەگەڕانەوەی ئیبراهیم بایش پەیوەندیی بە پارەوە هەبێت و گوتی "دوو مووچەی یاریزانەکە لای بەشی دارایی یانەی هەولێرە و ئەگەر خۆیشی گەڕایەوە دەتوانن قسەی لەگەڵ بکەن، کە بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پارەوە نییە."
یانەی هەولێر لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا، بەرامبەر یانەکانی عەجمانی ئیماراتی، ئیتیفاقی سعودی و کازمەی کوێتی یاریی دەکات.
جامی کەنداو بۆ یانەکان ئەمساڵ گۆڕانکاریی تێداکراوە و ژمارەی یانەکانی بۆ 12 یانە زیادکراوە و یانەکان بەسەر سێ کۆمەڵەدا دابەشکراون و یارییەکانی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بە چوون و هاتن بەڕێوەدەچن، لە هەر کۆمەڵەیەک یەکەم و دووەم لەگەڵ دوو باشترین سێیەم دەگەنە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.




