رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پێکانی تیاگۆ سانتۆسی بەرگریکاریەوە، یانەی لیلی فەرەنسی لە پێشهاتێکی پێشتر نەبینراو و مێژوویدا، لە دادگا سکاڵای تۆمارکرد.
یانەی لیل لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردووە، هەموو رێوشوێنێکی یاسایی بەردەستی گرتووەتە بەر، پاش پێکرانی قورسی بەرگریکارە 24 ساڵانەکەی، کە دووچاری پچڕانی بەستەری ئەژنۆ و زیانگەیشتن بە داسە کڕکڕاگەی ئەژنۆی راستی بوو، بەهۆی لێدانی قورسی لەلایەن ئەمیر ریچاردسۆنی ناوەڕاستکاری یانەی لوهاڤەر، لە یاریی نێوان هەردوو یانەدا کە رۆژی شەممەی رابردوو، ئەنجامدرا و بەسەرکەوتنی لیل بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات.
یانەکە رایگەیاندووە، بەرگریکارەکەی لە دوای پێکانە قورسەکە لەسەر دەستەبەرە گواستراوەتەوە دەرەوەی یاریگا لە نێو دۆخێکی پڕ لە شۆکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە ناوبژیوان تەنیا فاوڵێکی لەسەر تیپی بەرامبەر گرتووە، بەبێئەوەی هیچ کارتێک بەو یاریزانە بدات، کە بووە هۆی پێکانە قورسەکە.
یانەی لیل دەڵێ، ئەوە کارەساتە و هەڵوێستی ناوبژیوانەکە، هاوتای ئەو تووندوتیژییە نەبوو کە بەرامبەر یاریزانەکەمان کرا.
یانەی لیل داوای لە دەستەی سەرپەرشتیاری لیگ ئای فەرەنسا کردووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات و بیداتە دەست لیژنەی رێککاری، هەروەها داوای روونکردنەوەی فەرمیی کردووە، لەپێناو پێداچوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە کاتی رووداوەکەدا تۆمارکراون، بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری پێنەدانی کارتی سوور، بەیاریزانەکەی یانەی لوهاڤەر.
یانەی لیل هەروەها دەڵێ، "رێگا یاساییەکان دەگرینە بەر، بۆ بەدەستهێنانی هەموو قەرەبوویەک لەو رووداوەی کە بەرگریکارەکەمان دووچاری بووە".
پێکرانی بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە، بەگورزێکی کوشندە بۆ لیلی دووەمی ریزبەندی خولی فەرەنسا دادەنرێت، لە کاتێکدا یانەکە ئەمشەو لە چامپیۆنزلیگ، رووبەڕووی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەبێتەوە.




