رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بۆ ئەنجامدانی دووەم یاریی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرەو ئیستەنبوڵ بەڕێکەوت و لە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی ئەو شارە دەمێنێتەوە.
بارسێلۆنا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئیسپانیای بەرەو تورکیا بەجێهێشت و دوای نزیکەی 4 کاژێر یانەکە دەگاتە ئیستەنبوڵ.
شاندی یانەی بارسێلۆنا سێ رۆژ و دوو شەو لە ئیستەنبوڵ دەمێنێتەوە و شوێنی مانەوەیان هۆتێل زە رتیز چارلتۆن دەبێت، کە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیەیە، دەکەوێتە ناوچەی دۆڵمەباخچە، 40 خولەک لە فرۆکەخانەوە دوورە و دوای گەیشتنی بارسا، تیپەکە راستەوخۆ بەشێوەیەکی ڤی ئای پی دەچێتە شوێنی مانەوەی.
هۆتێلەکە 239 ژووری تێدایە، پێنج ئەستێرەیە، پارکی گەورە و چەندین تایبەتمەندیی دیکەی سەرنجڕاکێشی هەیە.
پێنج ژووری تایبەتی کۆبوونەوە، هۆڵێکی گەورە، ژووری تایبەتی مەساج و مەلەوانگەی تایبەت، مەلەوانگەیەکی داخراو و سەنتەری لەشجوانیی تایبەتی تێدایە، بە یەکێک لە هۆتێلە هەر پێشەنگەکانی ئیستەنبوڵ دادەنرێت.
هۆتێلی مانەوەی بارسێلۆنا لە ئیستەنبوڵ 10 کیلۆمەتر لە یاریگای گاڵاتەسەرایەوە دوورە و لە ماوەی کەمتر لە 25 خولەک شاندی بارسێلۆنا دەگاتە یاریگا.
بارسێلۆنا ئەمڕۆ دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی بەرامبەر گاڵاتەسەرای ئەنجامدەدات و شەوی سێشەممە لە دووەم یاریی چامپیۆنزلیگدا کاژێر 22:00 دەبێتە میوانی ئەو یانەیە.
هەر ئەمڕۆ، هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە و پاو کوبارسی، بەرگریکاری بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئامادەکارییەکان و گۆڕانکارییەکانی یانەکەوە پێش یارییەکە قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکەن.




