رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر درێژەی دایە ئەنجامە باشەکانی و سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر یانەی ئەیوپ سپۆر بەدەستهێنا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی خولی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگا و هاندەرانی بەرامبەر یانەی ئەیوپ سپۆر یارییکرد و بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
ئامەدسپۆر هەر زوو دەستی بە هێرشەکانی کرد و دوای تەنیا 13 خولەک، ئێرمال کراسنیقی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگا تۆمارکرد.
لە خولەکی 35 گیفت ئۆربان، هەشتەم گۆڵی خۆی لەم وەرزەدا تۆمارکرد و ئامەدسپۆر بووە خاوەنی دوو گۆڵ.
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، ساموێل بالێت، بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی ئەیوپ سپۆری هەژاند و ئامەدسپۆر لەنیوەی یەکەمدا پێشکەوت.
لە نیوەی دووەمدا بالێت ئەستێرەی یارییەکە بوو، دوو گۆڵی دیکەی بۆ کەسک و سوور تۆمارکرد، هەرچەند ئەیوپ سپۆر گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام هیچی لە یارییەکە نەگۆڕی.
ئەوەی هاندەرانی ئامەدسپۆری دڵتەنگ کرد، کارتە سوورەکەی ساموێل بالێت بوو لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا، کاتێک کرایە دەرەوە.
ئامەدسپۆر یارییەکەی بە ئەنجامێکی گەورە بردەوە، 5 گۆڵی تۆمارکرد، ئەمە جاری دووەمە لەم وەرزەدا 5 گۆڵ لە یارییەکدا تۆمار دەکات، ئێستا یانەکە خاوەنی 23 خاڵە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی سوپەرلیگە، لە یاریی داهاتوودا رۆژی شەممە 7/11/2026 لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر گاڵاتەسەرای پێشەنگی ریزبەندی خولەکە یاریی دەکات.




