رووداو دیجیتاڵ
راهێنەرێکی پێشووی ئەرجەنتینی نهێنییەکی لیۆنێل مێسی ئەستێرە و ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی ئاشکرا دەکات و بەگاڵتەوە دەڵێت "مێسی درۆزنێکی گەورەیە".
لیۆنێل مێسی، ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کرد و لە یارییەکی سۆزداریدا لە یاریگای مۆنۆمێنتال بەئەنجامی 3-0 لە بێنینی بردەوە. لە پەراوێزی یارییەکەدا، جولیان کامینۆ یاریدەدەری پێشووی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، نهێنییەکی لا پولگا بۆ تۆڕی ئەرجەنتینی TyC Sports ئاشکرا کرد:
لێهاتووییەکانی لە تروکۆ (یارییەکی بەنێوبانگە لە ئەمریکای باشوور).
کامینۆ لەماوەی نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2014 وەک یاریدەدەری راهێنەر ئەلیخاندرۆ سابێلا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کاری کردووە، باسی لە یادەوەرییە خۆشەکانی لەگەڵ لیۆنێل مێسی کرد، و وردەکاریی یارییەکانی تروکۆی خستەڕوو، کە بەناوبانگترین یاریی کارت بوو لە ئەرجەنتین.
بەپێکەنینەوە گوتی "ئەو یارییانەی تروکۆ کە پێشتر ئەنجامممان داون، بۆ من ئەوانە باشترین یادگارین کە لەگەڵ مێسی بووین، چونکە ئەو باشترینی جیهانە".
کامینۆ سیفەتێکی تایبەتی ئاشکراکرد کە مێسی دەکاتە رکابەرێکی تووند لەسەر مێزەکە و گوتی "مێسی درۆزنێکی ترسناکە، لەسەرووی ئەوەشەوە پەلەت لێدەکات، پەلەت لێدەکات. ئێمە ویستمان لەسەر کاتژمێرەکانی دەستمان یاری بکەین، بەڵآم ئەو رازی نەبوو، و نەیویست، چونکە کاتژمێرەکەی 300 هەزار دۆلارە، کاتژمێرەکەی ئێمەش 20 دۆلارە، هاهاها".
مێسی یان مارادۆنا؟
لە ماوەی یاریکردنیدا، کامینۆ شانبەشانی ئەفسانە دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا یاری کردووە و هەروەها لە یارییەکانی تروکۆدا یاری لەگەڵدا کردووە.
ئەو درێخی نەکرد لە هەڵبژاردنی نێوان مارادۆنا و لا پولگا لەسەر مێزەکە و گوتی "لەگەڵ دیێگۆ و لەگەڵ باوکی دیێگۆ، خەزووری دیێگۆ، هەردووکیان سەرسوڕهێنەر بوون. لە لووتکەدا بوون، ناتوانیت بیهێنیتە بەرچاوت کە ئەو دووانە چۆن یاری تروکۆیان کردووە، بەڵام لە تروکۆدا مێسی هێشتا باشترە، بێگومان. درۆزنێکی گەورەیە".




