رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی 12ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتاییان هات و یانە کوردستانییەکان دوای ئەرکێکی سەخت لە دەرەوەی یاریگای خۆیان، بەرامبەر رکابەرەکانیان ئەنجامی بەرامبەربوونیان بەدەستهێنا.
لە شاری میسان، یانەی زاخۆ بووە میوانی نەفتی میسان. یارییەکە ململانێیەکی بەهێزی تێدا بینرا و هەردوو تیپ هەوڵی زۆریان دا بۆ تۆمارکردنی گۆڵی پێشکەوتن، بەڵام پاشەکشێی هێڵی هێرشبەری و توندوتۆڵی هێڵی بەرگریی هەردوولا رێگەی نەدا تۆڕی یاریگا بهەژێت. سەرەنجام یارییەکە بەبێ گۆڵ 0-0 کۆتایی هات. بەم ئەنجامەش زاخۆ بە خاڵێکەوە گەڕایەوە شاری زاخۆ و شوێنی لە ریزبەندی گۆڕانکاریی بەسەردا نەهات، کە بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی 14یەمدایە و هەوڵەکانی بەردەوامن بۆ باشترکردنی شوێنی خۆی لە خولەکەدا.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی لە یارییەکی لووتکە و قورسدا بەرامبەر یانەی شورتەی بەغدا وەستایەوە. نەورۆز بە پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز توانی رکابەرییەکی سەخت دروست بکات و یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 تەواو بوو. نەورۆز بە خۆڕاگریی یاریزانەکانی توانی بە خاڵێکی بەنرخەوە بگەڕێتەوە شاری سلێمانی.
بەم ئەنجامە، یانەی نەورۆز کۆی خاڵەکانی گەیاندە 23 خاڵ و بە شێوەیەکی شایستە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی گشتیی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا جێگیر بوو.




