رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵدۆ لویس نازاریۆ دی لیما، یەکێک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی جیهان و یەکێک لە باشترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێی جیهان. لەدایکبووی ٢٢ـی ئەیلوولی 1976ـە، کە بەکورتی بە 'رۆناڵدۆ' ناسراوە و بە نازناوی 'دیاردە' El Fenómenoـش ناوبانگی دەرکردووە.
دیاردە یاریزانی پێشووی تۆپی پێی بەرازیلە و لە شوباتی ساڵی 2011 ماڵئاوایی لە یارییکردن کرد. بەبڕوای زۆر کەس، بە باشترین هێرشبەری مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت، هەروەها وەک یەکێک لە باشترین ئەو یاریزانانەش پۆلێن دەکرێت کە لە مێژوودا پێیان لە تۆپ داوە.
نازاریۆ بەخێرایی، لێهاتوویی بێوێنە و بەهرەیەکی بەرز لە گۆڵکردن لە بەردەم گۆڵدا جیا دەکرایەوە. لە ساڵی 1996 کاتێک تەمەنی تەنیا 20 ساڵ بوو خەڵاتی فیفای بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا و بووە گەنجترین یاریزان لە مێژوودا ئەو خەڵاتە بباتەوە، دواتریش لە دوو بۆنەی دیکەدا لە ساڵانی 1997 و 2002 ئەم خەڵاتەی بەدەستهێنایەوە. هەروەها گەنجترین یاریزانیشە کە خەڵاتی باڵۆندۆری بردبێتەوە لە ساڵی 1997، کە دواتریش لە ساڵی 2002 بۆ جاری دووەم بەدەستیهێنایەوە.
کاروانی وەرزشی
رۆناڵدۆ کاروانی وەرزشیی خۆی لە دەروازەی یانەی کروزێرۆ لە بەرازیل لە ساڵی 1993 دەستپێکرد کە بۆ ماوەی دوو وەرز یاریی بۆ کرد، دواتر رووی لە کیشوەری ئەورووپا کرد؛ لەوێ زۆربەی کاروانی وەرزشیی خۆی لە نێوان ساڵانی 1994 بۆ 2008 بەسەربرد و لە نێوان خول و یانە گەورەکانی کیشوەرەکەدا گوازرایەوە؛ سەرەتا لە یانەی ئایندھۆڤنی هۆڵەندی لە نێوان 1994–1996، پاشان لە خولی ئیسپانیا لە دوو قۆناخی جیاوازدا کە بۆ هەردوو جەمسەرە گەورەکەی ئیسپانیا یاریی کرد: بارسێلۆنا لە نێوان 1996–1997، و ریال مەدرید لە نێوان 2002–2007، هەروەها تێپەڕین بە دوو قۆناخی جیاواز لەگەڵ هەردوو جەمسەرەکەی شاری میلانی ئیتاڵی، سەرەتا لەگەڵ ئینتەرمیلان لە نێوان 1997–2002، پاشان ئەی سی میلان کە لە نێوان 2007 بۆ 2008 یاریی بۆ کرد، کاتێک بڕیاریدا لەڕێگەی یانەی کۆرینسیانسەوە بگەڕێتەوە نیشتمانەکەی (بەرازیل) و دوو ساڵی کۆتایی کاروانی وەرزشیی خۆی لەوێ بەسەربرد.
لەسەر ئاستی تاکەکەسی
لەسەر ئاستی تاکەکەسی، رۆناڵدۆ چەندین نازناوی بەدەستهێنا، لەوانە سێ جار بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان لە لایەن فیفاوە لە ساڵانی 1996 (گەنجترین یاریزان لە مێژوودا کە بەدەستیهێنابێت)، 1997 و 2002، کە لە سەردەمی خۆیدا زۆرترین یاریزان بوو ئەم خەڵاتەی بردبێتەوە. هەروەها دووجار خەڵاتی باڵۆندۆری لە ساڵانی 1997 و 2002 بردەوە، و جارێکیش لاپچینی زێڕینی ئەورووپای لە وەرزی 1996–1997 بەدەستهێنا.
پێلێ لە ساڵی 2004 لە ئاهەنگی 100 ساڵەی دامەزراندنی فیفادا، ناوی خستە لیستی 125 باشترین یاریزانی زیندووی تۆپی پێ FIFA 100.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی بەرازیل
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی بەرازیل، بۆ یەکەمین جار پێش مۆندیالی 1994 لە تەمەنی 17 ساڵیدا بانگهێشتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرا.
رۆناڵدۆ دووجار جامی جیهانیی بەدەستهێنا (لە وەشانەکانی 1994 و 002)، و لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیالی 1998 کە بەرامبەر فەرەنسای میواندار دۆڕاندیان و خۆی وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە هەڵبژێردرا، هەروەها بووە گۆڵکاری مۆندیالی دواتر (2002) بە تۆمارکردنی 8 گۆڵ و بەرازیلی بەرەو پێنجەمین نازناوی مۆندیال رێنمایی کرد.
لەگەڵ هەڵبژاردەی سامبا دوو جاریش جامی کۆپا ئەمریکای بەدەستهێنا؛ یەکەمیان لە ساڵی 1997 بوو کە لە یاریی کۆتاییدا گۆڵی تۆمارکرد و بە پێنج گۆڵ پلەی دووەمی گۆڵکارانی گرت و بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دیاری کرا؛ دووەم نازناویشی لە ساڵی 1999 بوو کە دیسان لە یاریی کۆتاییدا گۆڵی تۆمارکرد و بە هاوبەشی لەگەڵ ریڤاڵدۆی هاوتیپی بە 5 گۆڵ بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە.
لە ساڵی 1997 بەشداریی لە جامی کیشوەرەکاندا کرد کە لە سعودی بەڕێوەچوو و لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا نازناوەکەی بردەوە، هەروەها 4 گۆڵی لە پاڵەوانێتییەکەدا تۆمارکرد، لەوانە گۆڵێک لە قۆناخی پێش کۆتایی و هاتریکێک لە یاریی کۆتاییدا.
رۆناڵدۆی دیاردە 98 یاریی بە درێسی سامباوە ئەنجامدا و 62 گۆڵی تۆمارکرد، بەوەش لە پلەی دووەمی گۆڵکارە مێژووییەکانی هەڵبژاردەکە هات لە دوای پێلێی ئەفسانەیی (77 گۆڵ). 10 گۆڵی لەو گۆڵانەی لە دوو بەشداریکردندا لە کۆپا ئەمریکا تۆمارکرد (5 گۆڵ لە هەر وەشانێکدا) کە بووە هۆی بردنەوەی دوو نازناوی لەسەریەک (1997 و 1999) و دەستکەوتێکی بێوێنە بوو لە مێژووی هەڵبژاردەکەدا. بەڵام دواتر نەیمار ژمارەی گۆڵەکانی بۆ سامبا لە 130 یارییدا گەیاندە 80 گۆڵ و بووە گۆڵکاری مێژووی بەرازیل و دیاردە گەڕایەوە پلەی سێیەم.
هەروەها 15 گۆڵی لە سێ بەشداریکردنی کرداریدا لە جامی جیهانیدا تۆمارکرد (4 گۆڵ لە مۆندیالی 1998، و 8 گۆڵ لە مۆندیالی 2002 وەک گۆڵکار، و 3 گۆڵ لە مۆندیالی 2006)، و لەو کاتەوە تاوەکو مۆندیالی 2014 لە پێشەنگی گۆڵکارە مێژووییەکانی مۆندیالدا مایەوە، تاوەکو ئەوکاتەی میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی ریکۆردەکەی شکاند. ئینجا کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی لە مۆندیالی 2026 ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 22 گۆڵ و بووە گۆڵکاری مێژوویی هەموو مۆندیالەکان.
ژیانی دیاردە
رۆناڵدۆ لیما لە 22ـی ئەیلوولی 1976 لەدایکبوو. سێیەم منداڵی نێلیۆ و سۆنیای دایک و باوکی بوو لە دوای یۆنی خوشکی و نێلیۆ جونیۆری برای.
باوکی رۆناڵدۆ (نێلیۆ) بەهۆی هەژاری و پێویستیی خێزانەکەی بەپارە نەیتوانی بچێتە قوتابخانە، وەک دەستگێڕ و بارکێشی بارهەڵگرەکان کاری دەکرد، دواتر پەیوەندی بە کۆمپانیایەکی پەیوەندییەکانەوە لە ریۆ دی جانیرۆ کرد.
رۆناڵدۆ لەگەڵ میلینی دۆمینگێس ئاشنا بوو و لە ساڵی 1999 هاوسەرگیرییان کرد و لە گەڕەکی بێنیتۆ ریبێرۆ نیشتەجێ بوون. رۆناڵدۆ لەو گەڕەکە هاوڕێیەکی زۆری هەبوو، تەنانەت دوای بردنەوەی جامی جیهانیی 2002 فەرشێکی زەردیان بە ژمارە 9 بۆ چنی، هەروەها لە 9ـی تشرینی یەکەمی 1999ـوە ئەو شەقامەی تێیدا گەورە بوو بە ناوی ئەوەوە ناونرا.
مۆنیکا
تاوەکو تەمەنی 16 ساڵی بە ناوی 'مۆنیکا' بانگی رۆناڵدۆ دەکرا، کە براکەی ئەم ناوەی لێنابوو کاتێک هەوڵی دەدا ناوی برا بچووکەکەی بهێنێت. رۆناڵدۆ بەدەست گاڵتەپێکردنی هاوڕێکانییەوە دەیناڵاند کە بە 'مۆنیکا' بانگیان دەکرد (ناوی کەسایەتییەکی کارتۆنی بوو، کە ددانی پێشەوەی وەک ددانەکانی ئەو گەورە بوو، و زۆر بێزار دەبوو کاتێک بەو ناوە بانگیان دەکرد.
رۆناڵدۆ کاتێک لە تەمەنی ١11 ساڵیدا بوو و دایک و باوکی لێک جیابوونەوە تووشی شۆک نەبوو، ئەمەش بەهۆی ئاڵوودەبوونی باوکی بە خواردنەوەی کحول. دایکی تۆپی پێی بە کات بەفیڕۆدان دەزانی، بەڵام باوکی یەکێک بوو لە هاندەرانی سەرەکی رۆناڵدۆ. دواتر رۆناڵدۆ پاداشتی باوکی دایەوە و نهۆمێکی تەواوی لە باڵەخانەیەکی کۆپاکابانا و چێشتخانەیەکی پیتزای پێبەخشی، هەروەها شوقەیەکی لەسەر کەناری دەریا پێشکەشی خوشک و براکەی کرد.
خانمان رۆڵێکی گرنگیان لە ژیانی رۆناڵدۆدا هەبووە و بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە:
سوزانا ڤێرنەر: یەکەم دەستگیرانی
میلینی دۆمینگێس: هاوژینی یەکەمی
دانیێلا سیکارێلی: دەستگیرانداری بوو بۆ ماوەی سێ مانگ




